لە عالەم فاش و مەشهوورە کە من مەستی مەیی عیشقم
|
بە حوققەی دەم، بە جامی دیدە، مەمکی تونگی مینا بێ
|
لە حوجرەی عیشقدا ئەمشەو موتاڵام «حاشیە»ی زولفە
|
بە لالەی کوڵمی گوڵگوونی بە دوو شەمعی هەڵایسابێ
|
لە ئاهی عاشقی ڕووتە غوباری عاریزی سافت
|
دەنا جامی بلووری خەددی تۆ کێ دی خەتی دابێ
|
خەیاڵم شەونخوونی بردەسەر دەستەی سپای زولفت
|
دەبێ ئەمشەو لەبەر وی بێ کە وا مەغشووش و شێوابێ
|
تەنافی گەردنم کە زولفی زوننارت، کە بێزارم
|
چ خۆشە گەر بڵێن عاشق بە زولفی یار خنکابێ
|
کەنارم جۆیبار و دامەنم پڕ گوڵ لە ئەشکی سوور
|
ئەگەر مەیلی قەدیمیشی نەمابێ بۆ تەماشا بێ
|
عەیارێکی نییە دڵ دڵبەرا! کێشانی پێ ناوێ
|
کەبابی جەرگ سووتاوە، یەقینە قیمەتی نابێ
|
تەن و ڕۆحم لە تەحت و فەوقەوە مەشغووڵی جۆڵایین
|
دەبێ بەو ساعیدی سیمین تەنافی زولفی هەڵدابێ
|
دوو چاوی من تەمی هێنا کە تۆ زولفت بەڕوودا خست
|
شەوی یەڵدایە ئەوڕۆ یا مەگەر خورشیدە گیرابێ
|
لەنێو زوڵماتی ئەگریجەت شوعاعی ڕووتە دەنوێنێ
|
تەجەللی نوورە، یا زاهیر لە جانب تووری سینا بێ
|
ستارەی بەختی من ئەوشۆ تلووعی کرد کە تۆ هاتی
|
سبەینێ و ڕۆژە لەم عیدە، بڵێ نوور و سەفای وا بێ
|
لە سایەی هیممەتی پیرە حەسەن! دوشمن موتیعی تۆ
|
دەنا سەی بەد تەرەس کێ دی بەبێ زەحمەت پەتی دابێ؟
|