لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ
لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ | لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی دڵ |
لە باخێکا هەتا چاو بڕ ئەکا گوڵ چەتری هەڵدابێ | لە ناوەندی گوڵا چەند دلبەری پڕ عیشوە وەستابێ |
بە بەزم و ڕەزمەوە زۆر کەس لەوێدا مەست و شەیدا بێ | کە ئەڕوانم دڵم هەر پەستە نەشئەی تیا پەیا نابێ |
لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی من | لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی من |
گەلێ جار وا ئەکەومە گێژەوە خۆم ڕێ بە خۆم نابەم | ئەڵێم با مەینەتی دنیا بە جامێ مەی لە دڵ لابەم |
لە کاتێکا کە وا سەرمەستی نۆشی ئەو مەیی نابەم | کەچی دەردی دڵم زیاتر ئەبێ بۆ کوێوە هانا بەم |
لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ | لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی دڵ |
لەلای من وا بووە تا ئێستە واشی تێ ئەگەم جارێ | لە سیمای دڵبەران با چەشنی مانگ بێ شادی نابارێ |
بە پارەش نایەتە بەرهەم لە دڵ دەرکردنی خارێ | بەڵام گەر بەختیار بیت شادمانیت دێتە ئاقارێ |
لە کوێی ئەی بەختیاری تۆی دەوای دەردی ژیانی من | لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی من |
لەلای من بەختیاری چووەتە ناو پرشنگی ئازادی | لە هەرجێ دەرکەوێ نامێنێ بەدبەختی و بێدادی |
ئەوی بچنێتەوە پرشنگی ئازادی، بڕە شادی | لە دەس پەستی زەمان و زۆری بێگانە نییە دادی |
لە کوێی ئەی ڕۆژی ئازادی ئەتۆی نووری وڵاتی من | لە کوێی چاوت هەڵێنە بۆ ژیان و بۆ حەیاتی من |
لە کوێی وا چاوەڕوانم ڕوو لە خاکی نیشتمانم کەی | بە تیشکی بەختیاریت چارەی زامی نیهانم کەی |
لە قووڵکەی پەستییا ڕام کێشە دەربەستی ژیانم کەی | هیوای دواڕۆژ و هەستی پڕ لە کەللە و ناخی گیانم کەی |
لە کوێی ئەی عیلم و عیرفان چونکە هەرتۆی نوور و هاتی من | دەسا چاوت هەڵێنە بۆ ژیان و بۆ نەجاتی من |
1944/09/07
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|