لە گشت لایێکی دونیادا هەرایە
|
بە وێنەی شینی دەشتی کەربەلایە
|
ئەوەی ئیمڕۆ لە مەیدانا گوڕەی دێ
|
بە بەرزی تێمەگە چاکی کەوایە
|
هەزاران ئەهلی سەرکردە و بە غیرەت
|
بە دەنگی ئەهلی چەپڵە موبتەلایە
|
لە هەر شوێنێ ئەبینی شێرێ مەغدوور
|
لە لانە مرد و مامەڕێوی شایە
|
وەرە بڕوانە کاری چەرخی گەردوون
|
لە هیچ بارا نەبوو هاتۆتە کایە
|
نەما مایە لەلای هیچ مایەدارێ
|
کە چی دوو دەس بەتاڵە، هاتە مایە
|
بە هیچ نەوعێ قسەت ناچێتە توربە
|
بە دەستێ چەپڵە لێدەی دەنگی نایە
|
نەما قەدری قەدرزانێ لە ئارا
|
ئەگەر زانایە گەر شێخ و مەلایە
|
لە نوێژ و ڕۆژووا سەد بارک اللە
|
ئەدایان بردە سەر نۆبەی قەزایە
|
وەفا دەرهەق وەفاداران سەوابە
|
لە حەق سپڵە وەفا عەینی خەتایە
|