لە گوێم دێ دەنگی لایلایەی وەتەن، دایک جگەرسووتاو
|
ئەڕێژێنێ بە سەر وێرانەکەی خوێناویا خوێناو
|
ئەلاوێنێتەوە و ئەگری، سەری شینە لە ماتەمدا
|
شەو و ڕۆژ کۆتەڵی منداڵەکانە وا لەبەردەمدا
|
ئەڵێ: لەو گەردشەی کوردا، کوڕی چاکم هەبوو کوژران
|
ئەوەش مابوو هەموو مردن، لە برسا بێ کفن نێژران
|
خودا پاداشی ئەم تەنگانەیەی وا دایەوە و وام دی
|
بەپێی خوی هاتە بەرپێم تاجی گەوهەردارەکەی کوردی
|
سەلاحەدین جەلالی وای نەبوو تاریخ لەبەرچاوە
|
هەموو پاشای بەبان مردن بە حەسرەت ڕۆژێکی واوە
|
شەوێ دەس ئەهرەمەن کەوت خاتەمی مڵکی سلێمانی
|
کەچی میر و گزیری پێ ئەکرد، قەدری وەها زانی
|
بەدەم ئەم ناڵەوە، دەستی درێژ کرد، خستیە سەر شانم
|
وتی: تۆفیق هاتیتەوە، بۆ باری میحنەت، ئەیزانم
|
بەڵێ حاڵم پەشێواوە، فڕندە باڵی سووتانووم
|
نەما غەیری کەلاوە، شەو، بناڵێنە لەوێ وەک بووم
|
وتم: دایە، کە دایکم مرد! نەگریام، چونکە تۆ ماوی
|
ئەگەر ئەولادەکانیشت بکوژرێن، تۆ دەبێ چا بی
|
قەسەم بەو عەزمی کوردەی شانی «ریچارد»ی بە شیر ڕووشان
|
کڵاوی کورد ئەبێ قووچ بێ کە هات و شانی خۆی جووڵان
|
شەوێ پیاوێک لە بەفرا ما، نەمرد ئاگرێکی دووری دی
|
لە لای من نائومێدی کفرە، ئەم ئاگرەی دڵم بۆ کێ
|