لە یارانی سەلاحا بەختی بێچارەم بەجێ ماوە
|
لەقی نەگبەت لەسەر پۆپەی درەختی عومری پێچاوە
|
بەیازی ڕووم بە زەردی ئاخری عومرم تەبەددول بوو
|
گوناهم ماری بێ ئامان لەسەر شان و مل ئاڵاوە
|
تەمای باغی ئەمەل بووم ئاخری ڕەحمەت بەزەحمەت بوو
|
ئەبێ هەوڵی مەقامێ دەم تەمەننای ڕەحمەتم ماوە
|
مەقامی پایەیی قەدری بگاتە مەرتەبەی ئەعلا
|
شەو و ڕۆژی بە ئەفواجی مەلایک دەوری گیراوە
|
نەزەرگاهی ئیلاهی خانەقاهی حەزرەتی پیرم
|
زیارەتگاهی عامە هەر وەکوو کەعبە لە هەر لاوە
|
بە نووری حەزرەتی باری دەر و ژووری منەووەر بوو
|
لەسەر سەفحەی دیواری سووڕەیی والتوبه نووسراوە
|
ئەمین بە قەبری پڕ نووری بەهەشتی حەزرەتی پیرم
|
ئەمین حەزرەتی باری بە سەرما باڵی کێشاوە
|
جەبینی پڕ لە نووری بۆ ضياء يوم الجزا فەرزە
|
زوو ئەم خێرخواهییە ڕۆژی ئەزەل لەو نووری خولقاوە
|
عەزیزم ئارەزووی عەفوی گوناهانت دەوێ زوو کە
|
هەتا فرسەت لەدەس نەچووە هەتا شەمسی فەڵەک ماوە
|
گوناهبارا مەقامی عەفوە هەڵسە ڕای و تەدبیرێ
|
هەتا عومرت لە دونیا پەنج و دوو ڕۆژێ بەقای ماوە
|
زیارەتگاهی عەفوی عامە بەو شەرتە ئەدەب شەرتە
|
لەسەر سینە بەرەوڕوو بە لەسەر ئەژنۆ بەرەودواوە
|
بۆ ڕێگەوبانی عەفوت لازمە ڕۆحیشت بسپێری
|
ئەگەر ڕۆحت لەناو جیسما لە حاڵی غیرەتا ماوە
|
دڵێکی پاک و خاوێن ئیلتیجا بەرنە ئەبەر پیرێ
|
لە پیرانی قەدیمی باو و باپیری ئەسەر ماوە
|
بەسە هەڵسە وەرە ناو کایە نۆبەی تۆبەیە عورفی
|
نییە باکم مەقامی حەزرەتی پیرم لەبەر چاوە
|