رەش دەپۆشین، شیوەنە کوردین لە مانگی ماتەمین
|
ڕۆژی قوڕپێوانە ئەمڕۆ مێزەر و سەرپۆشە شین
|
ساڵ بەساڵ ئەم ماتەمە دەگرین لە بیرمان دەرنەچێ
|
تا زەمانی تۆڵە دێ ڕۆژێکی وا خوڕەم ئەبین
|
شێخ عەبدولقادر و چەن سەد ڕەئیس و، شێخ سەعید
|
لەم دەمە بوونە فیدایی نیشتمان و گەل، دینی موبین
|
شێخ عەبدولقادر ئەم زوڵمە گرانەی لێ کرا
|
دیارە ئەرشەد بوو لە ئەولادانی فەخرولمورسەلین
|
بۆ نەسووتێ دڵ، جگەر بۆچی نەبرژێ وەک کەباب
|
سەرکز و عاجز خۆمانین، دەردەدار و دڵ حەزین
|
بێ هیوا وو بێ پەناو و بێ بەش و، بێ جێ و ڕێ
|
گۆشەگیری ناعیلاجین، دوور لە خەڵک و بێکەسین
|
چەن هەزارێکمان بەسێدارە بەناحەق بوون شەهید
|
سەد هەزار کوژراومان ئێستەش لەسەر ڕوویی زەمین
|
سەد ئەوەندە زوڵم هەبێ، دەردیش هەزاران بێتە پێش
|
هەر لەسەر ئەم بیرە وو ئەم ڕێگەیە سابیت ئەبین
|
مەرد ئەوە ماڵ و سەر و موڵکی لە ڕێی حەق دابنێ
|
ئەی ئەسیری هیچە لای عاقڵ بەنامەردانە ژین
|