مازوو چنین لە لادێ
ژینی لادێ سەیرانە | گەرچی تۆزێ گرانە |
ڕۆژی نەورۆز ئەوەڵ ساڵ | دەکەونە ئیش کوڕ و کاڵ |
یا جووت یا جۆگە هێنان | بۆ ئاو داشتن دەغڵ و دان |
یا دار بڕینی شاخە | یاخۆ پەرژینی باخە |
یا نوتنە یا درەو | ناوەستن بە ڕۆژ و شەو |
یا گێرە یا شەن کردن | هەڵمەت بۆ فەرمان بردن |
فەرقی نییە نێر و مێ | هەرچی دانیشتووە لە دێ |
هەموو خەریک فرمانن | بەدەس هێنانی نانن |
تا تەواو ئەبێ هاوین | تێ ئەکۆشن زۆر بە تین |
بەینێ لەویا بەتاڵن | خەریکی ئیشی ماڵن |
تیرەک لێدان، گڵەبان | کۆڵان گرتن بە تەیمان |
کە ئیش ڕووی کردە تەواو | کۆ ئەبنۆ لە حەوز و ئاو |
چەن داری بی لای مزگەوت | هەندێ ڕاس و هەندێ چەوت |
بۆ سێبەر نێژڕاوە | سەکۆی لە بن کراوە |
ئەهلی دێ کە زۆر و کەم | لەسەر سەکۆ ئەبن جەم |
تاوێ شەڕە ئاو پرژێن | بەگاڵتەوە شەڕە جوێن |
تاوێ باسی ژن هێنان | تاوێ تاریف دەغڵ و دان |
دوو سێ ڕۆژی بەمجۆرە | بە گۆرانی و بە هۆرە |
ڕائەبوێرن بە شادی | گاگا بیری ئازادی |
گا تەکبیری جووتیاری | گاگا خەمی هەژاری |
پیران بە سەبیل کێشان | باسی سۆفی و دەروێشان |
باسی ژینی ناڕەحەت | باسی قەبر و قیامەت |
مام خوا کەرەم دنیا دیو | بانگ ئەکا هەتیو مەتیو |
بۆچی هێندە مناڵن؟ | هەتاکوو کەی لە ماڵن؟ |
بەراوردم تەواوە | تەقەی مازوو شکاوە |
کێتان کوڕی مەیدانە | یاڵڵا مازوو چنانە |
لەویا دەسەی کوڕ و کاڵ | ڕائەکەنۆ ڕووەو ماڵ |
بانگ ئەکەن لە یەکتری | بۆچی خۆت ڕائەگری؟ |
خۆت گورجۆ کە دەس و برد | مام خواکەرەم بانگی کرد |
ئەوە کەوشی دڕاوە | لە ماڵا توڕی داوە |
ئەگەڕێ، ئەیدۆزێتۆ | بەبەنێ ئەیدوورێتۆ |
ئاوایی ئەیکەن بە قاو | قیڕەی مناڵ دەنگی پیاو |
ئەوەی کە مازوو چن بێ | پیاو بێ وەیا خۆ ژن بێ |
چارەکەی کۆڵی دایکی | یا کراسە کۆنەی باوکی |
ئەگەن بە چارەکەی نان | ئەوسا هەڵ ئەگرن گۆچان |
ئەوەڵ ڕۆژ و ئاخر شەو | پۆل ئەبەسن وەکوو کەو |
لەناو شەخسی پەنا ماڵ | هەر لە گەورە تا مناڵ |
لە ڕێی یەک ڕائەوەسن | هەموو کۆمەڵ ئەبەسن |
ئەمجا ئەدەن بەهەردا | بە شاخ و داخ و زەردا |
یەکێ دەوەن یەکێ دار | یا لەبەر ڕۆژ یا نزار |
یەکێ ئەچێتە سەر دار | یەکێ لە دار دێتە خوار |
یەکێ بۆ دار ڕائەکا | یەکێ باخەڵ دائەکا |
جار جارێ ئەقوولێنن | دورا و دوور یەک ئەدوێنن |
قوولە و گۆرانی و هۆرە | لێیان ئەبێ بە نۆرە |
کە ڕۆژ گەیشتە چێشتنگاو | دەس ئەکەن بە قیڕە و قاو |
دێنە خوار لە گشت لاوە | ئەڵێن کاتی سەر ئاوە |
پۆل پۆل ڕیزە ئەبەسن | تا سەر ڕاناوەسن |
لەویا هەتا نیو سەعات | نان ئەخۆن بێدەنگ و مات |
ئەمجا یەکێ هەڵەدەو | تێئەچریکێنێ وەک کەو |
کڵاوی لار دائەنێ | بە دنیا پێئەکەنێ |
ئەڵێ بۆ ئاخری ئەمرن | هەتیو هەستن دەس بگرن |
ئاوازی لێ هەڵ ئەبڕێ | ڕۆحی عاشقان ئەبڕێ |
لەویا گشت ڕائەپەڕن | لە جێیەکا دەس ئەگرن |
تەقلە چڵکن ڕانک شڕ | لەویا ئەیکەن بە سمڕ |
یەک گەنجێکی باڵا جوان | سەرچۆپی ئەگرێ بۆیان |
دەسە سڕی ئاڵ بە دەس | هەڵ ئەسووڕێنێ سەرمەس |
نە زیاد ئەڕۆن و نەکەم | هەڵ ئەپەڕن بەبێ خەم |
کچیش هەموو لەولاوە | بەڕیزە ڕێک وەستاوە |
کراس مۆر و سوخمە زەرد | کەوای ئاڵ ڕوومەت بێگەرد |
هەر یەک دڵی لە لایە | بۆ خۆی خەریک سەودایە |
جار جارێ گۆرانیبێژ | گەنم ڕەنگێکی درێژ |
سەری وەرئەچەرخێنێ | ڕیزی کچان ئەدوێنێ |
دڵی هەر لە لا یارە تەواوە | تەواو بێ ئیختییارە |
سەر چۆپی کێش ساحب یار | خۆی ئەلەرێنێ جار جار |
هەر چۆن یاری ئەبینێ | وەختە خۆی بپڕووکێنێ |
لەسەرچۆپی تا گاوان | ئەکەونە هەلە داوان |
نازانن دنیا چۆنە | چۆنە ئەم چەرخە کۆنە |
سەرچۆپی هەردوو دەستە | یەک بۆ یەکتری مەستە |
تێکەڵ ئەبن کچ و کوڕ | بە چەشنی مێخەک و دوڕ |
دەس ئەگرن بە تێکەڵاو | کچی شۆخ و کوڕی لاو |
کچان کە جنسی نەرمن | تۆزقاڵەیێ بەشەرمن |
لەویا شەرم نامێنێ | هەموو کەس خۆی ئەنوێنێ |
تەقەی چەپڵە و هاژەی نەی | لەرەی مەمکەی چەشنی بەی |
بۆنی مێخەک و سمڵ | ئەدا لە ناو پەڕەی دڵ |
کاتێ کە کچ مانوو بوو | دەس بەر ئەدەن بۆ پشوو |
یەکێ ئەڵێ ئای دێرە | با بڕین چیکەین لێرە؟ |
کۆڵمان قورس و سەنگینە | وا ئیشمان پێکەنینە |
دووبارە چەشنی کەوباڕ | ئاژین ئەبن لە نزار |
تف لەدەس و لە گۆچان | ئەچینۆ سەر ئیش و فرمان |
ڕووەوماڵ بە دارە دار | ئەسوڕێنۆ تا ئێوار |
پێش ئەوە تاریک دابێ | ئەگەنۆ نزیکی دێ |
یەکێ گەڵا یەکێ دار | یا دولق یا پیلەوار |
ئەیبەن بۆ پێویستی ماڵ | ئاوایە ژیانی ساڵ؟ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|