ئەی ماف تۆ وشەی سەردەمی گەلی
|
تەرازووی ڕاستی ڕۆژی ئەزەلی
|
هەوڵت بۆ ئەدەن لە هەموو جیهان
|
کە دەستگیری کەن بە پارە و ژیان
|
چونکە ئەو گەلەی تۆی تیا بڵاو بێت
|
وشەت لەباتی وشەی سڵاو بێت
|
ئەو گەلە وەک دار بەرز ئەبێتەوە
|
زۆردار لەناویا جێی نابێتەوە
|
هەموو بەختیار و دڵ پڕ لە هەستن
|
هەر وشە و ناوی تۆ ئەپەرستن
|
چونکە ئەگەر تۆ چوویتە هەر جێگا
|
گورگ و مەڕ بەجووت ئەڕۆن لە ڕێگا
|
چەن هەزار ڕۆڵە بە سەرمایەوە
|
لەبەر ناوی تۆ سەری نایەوە
|
بەڵام تۆی نەدی قەت بە خۆیەوە
|
ئەوە بوو بە زام لەسەر سۆیەوە
|
هەروەها گەلی کوردی بەشکراو
|
بێ تۆیە بۆیە کزە و بێ هەناو
|
چەن ڕۆڵەی جگەرگۆشەی هۆزی کورد
|
لەبەر ناوی تۆ بۆ زیندانیان برد
|
هەرچەندە ئەیوت ماف لەگەڵ بافتان
|
لە کوێن بۆ فریام، بۆ توونای چەفتان
|
لە دەنگی زنجیر زیاتر بەولاوە
|
هیچ کەس دیار نەبوو لە هیچ پەناوە
|
هیچ ماف ئێستا بە دەستی زۆردار
|
گیرۆدەی بەندە نەهاتۆتە دیار
|
بەڵام هەموومان وەک برووسکە و هەور
|
نرکە و نەعرتەی لێ ئەدەین بە جەور
|
گەر بە سەربڕین یان قەنارە و بەند
|
تۆ ڕزگار ئەکەین لە ئەڵقەی کەمەند
|
هەتا لە ئاسۆ مافمان لێ هەڵدێ
|
جووتیار و ڕەنجبەر ڕەنجیان وا ئەچێ
|
هیچ کات تێر ناخۆن لە بەری خۆکار
|
چونکە چییان کرد فڕاندی زۆردار
|
ئیتر تا هێزم تیا بێ بێ گەزاف
|
لە دوا هەناسەیش ئەڵێم کوانێ ماف
|