مامۆستای گەورەم شاعیری ڕەنگین
|
کۆگای زانستی ڕێگای شەرع و دین
|
ئەو پرسیارانەی کە تۆ لێت کردووم
|
جوابیت عەرز ئەکەم تاکوو نەمردووم
|
جێگەی تۆ لە دێی چۆڵ و لاپەڕە
|
کۆمەڵی دوورن وەک بزن و مەڕە
|
هیچتان نازانن ئەم دنیای ڕوونە
|
چۆنە و چ ڕەنگە و عالەم چلۆنە
|
دنیا بۆ خەڵکی ئێستە بەهەشتە
|
تۆش خۆراکی گاڵ، بەرگی جاو بەشتە
|
عالەم بە سنعەت چوون بۆ ئاسمان
|
تازە تۆ ئەگریت بۆ ئاخر زەمان؟
|
فەرمووتە کچان بۆ مەکتەب ئەچن
|
کەی خوا فەرموویە خوێندەوار نەبن؟
|
ئەوانیش وەک تۆ ئادەمیزادن
|
شەریکی پیاون حوڕ و ئازادن
|
ژنی وڵاتان بوون بە کاربەدەس
|
تۆش ئەمر ئەکەی بخرێنە قەفەس
|
نووسین بە کوردی تاکەی کوفرە لات
|
بۆچ لات ناخۆشە زبانی وڵات
|
لێم زویر نەبی هاوڕێی ژینتم
|
کوردم وێنەی تۆ هەم هاودینتم
|
بەڵام لە داخان کە وا دواکەوتووین
|
عالەم هوشیارە و ئێمە هەر خەوتووین
|
ناچارم ئەیڵێم ئەوەی ئەیزانم
|
پڕئێشە زامی گۆشت و ئێسقانم
|
مەلا عەبدوڵڵای تووتنچی پێنجوین
|
جوابی دایتەوە بە زووبانی دین
|