مایەی نۆماڵیم کەرێکی دێز بوو
|
چاپۆک و وریا گەلێ بە هێز بوو
|
هەربەناو کەر بوو ڕەوت و ڕەفتار خۆش
|
عەقڵی زیاتر بوو لە بەعزی بێهۆش
|
چونکە ئەو کەرە چوست و چالاک بوو
|
دێزێکی پەسەند دەس و چاو پاک بوو
|
خزمەتم ئەکرد بە ڕۆژ و بە شەو
|
نەمئەدا بە سەد ئێستری خۆشرەو
|
عەجەب شێرێ بوو بۆ ڕێگە و سەفەر
|
لە دەشت کەژدا چوست و هەڵمەتبەر
|
***
|
کاتێکم زانی خەبەریان هێنا
|
قاچی کەرە دێز لە بنا شکا
|
کە دیم کەرە دێز شل و شێواو بوو
|
سەبرم لێبڕا چاوم لێڵاو بوو
|
هاتمە گوفتار لە ڕووی قار و قین
|
ئەمە چ کەسە لە ڕووی سەرزەمین
|
کێ وا جەسوورە ساحێب زۆر و سام
|
قاچی ئەم کەرەی جیا کرد لە ئەندام؟
|
شەرتە هەقی خۆم، بۆخۆم بسێنم
|
ڕیشەکێشی کەم جەرگی دەربێنم
|
***
|
زانی غەزەبناک دڵم بە جۆشە
|
بۆ قەساسی ئەو دڵ بە خرۆشە
|
بە ڕەسم و تەعزیم هاتە پێشەوە
|
وتەی شیرین مەعنا کێشەوە
|
وتی غەم مەخۆ مەکێشە ئازار
|
هەقم بسێنی ڕەحیم و غەفار
|
ئەم ئیشە ئیشی - - - - -
|
ئیشی شێخ ڕەشید کە خزمی خۆتە
|
***
|
وەرنە کەسی تر چ حەدی هەیە
|
تەجاوز بکا بەم دەرەجەیە
|
منیش ئومێد و ڕەجام وەهایە
|
بۆ قەساسی من مەسڵەحەت بوایە
|
وتم کەر دێز قسەت مەقبوولە
|
قەناعەت ئەکەم لە لام مەعقولە
|
ئەمن خۆش ئەبم ساڵح خۆش نابێ
|
بەم مەسڵەحەتە قەت ڕازی نابێ
|
گەرچی خزمیشین عەفویان ناکا
|
خوێنی کەرە دێز تاقیق گوم ناکا
|
***
|
ساحێب تفەنگ و دەمانچە و تیرە
|
ژێرەوژوور ئەکا خاکی فەقیرە
|
مەعلوم دیارە لە لام ڕۆشنە
|
خوێنی کەرە دێز دەبێ بە فیتنە
|
هاتەوە گوفتار بە داد و ئامان
|
وتی «سەید ئەحمەد» دەسم بە دامان
|
من قاچم شکاو حاڵم بێفەڕە
|
مەڵێن کەرە دێز هەر مایەی شەڕە
|
***
|
لە حقوقی من گەردن ئازابن
|
مەحفوز لە فیتنە و بەڵای خودا بن
|
تۆش ئەگەر مەردی مەردی بنوێنە
|
ساڵح ڕازی کە دڵی مەشکێنە
|
ئەمن بە قسەی ئەو کەری فەقیر
|
چوومە لای ساڵح بە فیکر و تەدبیر
|
وتم براکەم بە نەسسی خەبەر
|
هەر کەس ئیسلام بێ بەڵای دێتە سەر
|
***
|
ئیستاش کەرە دێز قاچی شکاوە
|
ئەڵبەت خوداوەند ئەوەندەی داوە
|
هەرچەند قاتیلی «شێخ ڕەشید» بووە
|
ئەمری خودایە و ئەو سەبەب بووە
|
ئەبێ سابیر بین قەناعەت بکەین
|
کاری خودایە کەس عاجز نەکەین
|
وتی: چی بڵێم قسەم نەماوە
|
پەتی «تەمورم» یەکجار بڕاوە
|
***
|
ئەهلی فەقیرە سیغار و کیبار
|
ئەمکردن بە پەند واتەی ڕۆژگار
|
لە حقوقی خۆم سەرفی نەزەر بێ
|
گەردن ئازا بن گەر هەزار کەر بێ
|
کەرە دێز چونکە لەفزی شیرین بوو
|
لە بۆ دوژمنان مایەی خۆشبین بوو
|
***
|
کەرە دێزم ڕۆ کەرە دێزم ڕۆ
|
موتیعی فەرمان هیچ نەڕێژم ڕو
|
کاسبی فەقیر هیچ نەزانم ڕۆ
|
سابیر و شکور بێ کاو دانم ڕۆ
|
ئازا و گورجۆگۆڵ ڕێی کاروانم ڕۆ
|
شێری مەیدانی گشت کەرانم ڕۆ
|
***
|
هەتا تۆ مابووی هیچ باکم نەبوو
|
غەم و غائیلەی خۆراکم نەبوو
|
کەرە دێزم بوو، بۆ ئەخزی مەعاش
|
هەر کەرە دێز بوو بۆ کاروان و ئاش
|
ئێستا تۆ ڕۆییت باڵت شکانم
|
سەر و ژێرت کرد باری ژیانم
|
دوعایە ئەکەم ڕەببی گیرا بێ
|
سەبەبکارەکەت غەرقی بەڵا بێ
|