مریشک ئەچێتە جێیە چینەی بێ
مریشک ئەچێتە جێیە چینەی بێ | ناچێتە جێیە کەوا چی نەبێ |
ماڵ لێی نەبەخشی کەمتر بەرئەگرێ | مێو کە نەیبڕی کەمتر بەر ئەگرێ |
ئاو بەری گیرا پەنگ ئەخواتەوە | ڕایی بێ ڕێبوار لێی ئەخواتەوە |
ئەوەی بە پارە لە خۆی بایی بێ | بایییە هەر چەند ملیۆن بایی بێ |
زوبان چاک زۆر کەم قۆرتی دێتەبەر | زوبانە کە سەر ئەخاتە خەتەر |
کەڵەشێر تا کۆڵ بدا بەگیرە | فیتنە هەوێنی نۆ قازان شیرە |
سۆفی حەرام خۆر وەک کەڵەشێرە | بانگت بۆ ئەدا و بە پیسیش فێرە |
هێستر کە دایکی لە کەر بەرئەگرێ | ڕنەکی ئەکەی گازت لێ ئەگرێ |
بە هێستریان گوت باوکی تۆ کێیە | وتی ڕەسەنی دایکمم پێیە |
خۆزگە ئەو کەسەی بە زۆڵ دەرئەچوو | ئەویش وەک هێستر بەری نەئەبوو |
پیاوی ساف دەروون کە لە شیر ئەچێ | بە گڕێ ئاگر لە پڕ هەڵدەچێ |
ئاوی خوڕ هەرچەند کە ئەتترسێنێ | هەر ئاوی مەندە پیاو ئەخنکێنێ |
ئاو و پیاو، مەند و مۆن بێ بترسە | هەر چیت دی ناوی باوکی بپرسە |
ئەو ژنەی کە مێرد لای نەنگەویست بوو | شەوێ دزی دی، مێرد خۆشەویست بوو |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 608 و 238
1940/09/05
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|