وا سەرم دووبارە گەردولوول ئەکا بۆ دەردی سەر
|
لای نەدا تاوێ لەسەر دەردیسەری و گێژی خەتەر
|
بۆ موقدەمەی خەیاڵی وەسڵی ڕۆحم دەر ئەکەم
|
عەزمی هێندە جەزمە حاکم، خۆی وەها بوو بە چەپەر
|
نووکی موژگانی ئەمەندە خوێنی جەرگی چەشتووە
|
سڵ ئەکا ئەمڕۆ لە سووریی سوورهەڵاڵی بەر کەمەر
|
جا، کە وا بوو هەر زەمانێ تیری عیشوەی خستە کار
|
دابڕەژین ئەشکی خوێنین، چاکە بۆ دەفعی زەرەر
|
جوملە موستەغنی لە عیشقن، بۆیە گوێ نادەن بە خەم
|
نەرگس و سەرو و سنەوبەر، سۆسەن و نەسرینی تەڕ
|
بەندی جەرگم بۆ دەزوو، عوقدەی دڵم بۆ دەنکەکەی
|
بۆ ژمارەی فیرقەتی دولبەر لە شەو هەر تا سەحەر
|
قانعا گرپەی دڵت وا ئاگری بەر دا قەڵەم
|
دەردی دڵ ئەمجا بە چی ئیزهار ئەکەی خاکت بە سەر
|