من خاسی ئینگلیز ناچێ لە بیرم
|
کە پێمی ناسی باوک و باپیرم
|
هەر کەسێ سپڵە و حقووق نەزانە
|
نابێ بە بەشەر، هەرچەن ئینسانە
|
با بڵێن ئینگلیز ئایینی جوێیە
|
بەڵام کردەوە و دادی بەجێیە
|
هەر ئەو بوو کە وا بە دەستوبردی
|
بۆ فێر کردنی زمانی کوردی
|
ئەو فێری کردین کوردی بنووسین
|
هەواڵی قەومی و میللی بپرسین
|
هەر کەسێ ئیشی چاکی بۆ کردی
|
تۆیش چاکی بڵێ گەر کوڕی مەردی
|
لە خەوی غەفڵەت ئەو ڕایپەڕاندین
|
ئەم گەنمە ئەیخۆین ئەو بۆی داچاندین
|
ئێستەش بە کوردی تەفسیری قورئان
|
کفرە لای گەلێ نەفام و نەزان
|
بەڵام بە تورکی یا نە بە فارسی
|
گەشکەدار ئەبن بۆیان بنووسی
|
وا عەرەبیمان کۆڵەکەی دینە
|
تورکی و فارسی بۆچ وا شیرینە؟
|
ضرب المثلێک هەبوو لەناومان
|
ئەمانخوێندەوە ڕوون ئەبوو چاومان
|
عەرەبی گەوهەر، تورکی زۆر هونەر
|
فارسی شەکەر، کوردی تڕی کەر
|
ژیشک بێچووی خۆی لا شل و نەرمە
|
کە چی بێچووی من مشاری سەرمە
|
ئەو تێی گەیاندین هۆشیاری کردین
|
ئەم نەزانینەی لەسەر لابردین
|
هەر کەسێ کەسە حەرفێکی بەسە
|
گەورەمە هەرکەس کە فریادڕەسە
|
دوژمنیش پەیکوڵ دەربێنێ لە پێم
|
گەر خاسی نەڵێم ئەبێ چی بڵێم
|
چونکە خوا ڕاستە، ڕاستی خۆش ئەوێ
|
هەر کەس ڕاست بڕوا ڕاستیشی تووش دێ
|
من کە بە ڕەنجی شانی خۆم ئەژیم
|
بۆچ ڕیا ئەکەم سا بە تەمای چیم
|
خۆ من مەئموور نیم بۆ ڕوتبە و نیشان
|
بە درۆ خەڵقی بەرمە ئاسمان
|
بەڕاستی ژینیش هیممەتی نواند
|
بەتەنیا کوردی داچەند و ڕواند
|