من خۆم زستانم بۆیە خۆش ئەوێ
من خۆم زستانم بۆیە خۆش ئەوێ | مار و دووپشکی تیا دەرناکەوێ |
عاقڵ لە کاری خودا تێماوە | مار و دووپشکی بۆچی داناوە |
ئەوەی سەیرە مار دووپشک ئەبینێ | ورە بەرئەدا دۆش دادەمێنێ |
پێچی نامێنێ لێی درێژ ئەبێ | لە ترسی دووپشک حۆل و گێژ ئەبێ |
دووپشکیش ئەڕوا تا تەوقی سەری | پێوەی دا ئیتر ڕۆحی دەرپەڕی |
ئەم عەداوەتەی زیندەوەرانە | هەمووی بە حوکمی سڕی یەزدانە |
سەگ بۆ پشیلە، پشیلە بۆ مشک | ئاو بۆ ئاگر و ئاگر پووشی وشک |
تانجی بۆ کەروێشک، کەروێشک بۆ بێستان | بۆیە ناکۆکن لەگەڵ یەک ئینسان |
جووجەڵەیش لەگەڵ کەچەڵە ئەبن | بێ مێرات بەگژ یەکدا هەڵئەچن |
ئەم تێک هەڵچوونە و شەڕ و هەڵدایە | بۆ بێ عیلاقە وەک سینەمایە! |
چەند خۆشە هەروا لە دوور بڕوانی | نەچیتە ناویان هەتا ئەتوانی |
پاڵتۆی قەناعەت بکەی بە بەرتا | لێفەی تەمەڵی بدەی بە سەرتا |
ئەمما بەشەرتێ خەیاڵ پەروەر بی | لە ئەوجی خولیا مورغی تیژپەڕ بی |
قەسر و قسور و ئۆتۆمبیلت | تەیارە و ئەسپ و تەختی سەر فیلت |
هەلا و هەلاوی تەلەفۆنت بێ | لە ژن و شەڕاب تازە و کۆنت بێ |
ئومی کلسومت بە ڕادیۆ لابێ | هیچ پێویستێکی ترت نەمابێ |
بەڵام ئەو خەمەت دائیم لە یاد بێ | ئاخۆ لە پاش خۆت کێ بە جێت شاد بێ |
بەم ئاخەوە بی، هەناسەت سوار بێ | ڕۆژی زیندەگیت بە شەوی تار بێ |
تا دوکتۆر دێنن ڕۆحت دەرچووبێ | هەرچی کرابێ فایدەی نەبووبێ |
تابووت بۆت ببێ بە ئۆتۆمبیل | کە چوویتە ژێر خاک داماو و زەلیل |
لووتت لە بەردی ئەلحەد بکەوێ | تێدەگەی جێگای ئەسڵیتە ئەوێ |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 550 و 145
1938/02/03
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|