من لە گوڵزاری ئەزەل گیراوی داوی زولفی تۆم
|
بەس بدە چەرخم لەسەر، بازم! کە تەیری دەستەمۆم
|
تا سەری زولفت ڕفاندی دڵ لەبۆ نێو ئاوری ڕووت
|
سۆزشم خوارد و وەکوو ماری سەر ئاور خەم دەخۆم
|
بۆ تەوافی کەعبەیی کۆی شەمسی دینە، وا حەسەن!
|
هەر وەکوو مزرەق بە هەر مەرز و دیارێ خول دەخۆم
|
بۆ تەمای ئاوی بەقا، دڵ کەوتە نێو زوڵماتەوە
|
دەستی من دامانی زولفت، پێم بڵێ بۆ کوێ بڕۆم؟
|
قووەتی قەلبم کە تۆی و قووتی ڕۆحم عیشقتە
|
بۆچ دەبێ باکم لە ماسیوا ببێ، خەم بۆ چی بخۆم؟
|
یۆسفی میسری ویلایەت! ئەی خەلیلی باغی قودس!
|
ناری نەمروودە دەروون بێ تۆ، دووچاوم بۆتە چۆم
|
من بەسەر کەوتوومە بەر پێ، زولفی چەوگان بادەوە!
|
هەر لە تفڵی، من ئەسیری لوعبەتی چەوگان و گۆم
|