ئەی فلس وەڵڵا لە داک و باب و باپیر چاتری
|
تۆ لە دووسەد خزم و خوێش و دەسگیر چاتری
|
هەی بە قوربانی زڕەت بم ڕۆژی سەودا و مامەڵە
|
تۆ لە شێر و خەنجەر و بڕنەو گەلێ ئازاتری
|
وابزانم بێ ئەدەب نابم ئەگەر ئەمڕۆ بڵێیم
|
تۆ لە لوقمان و ئەرەستوو عالم و داناتری
|
من بەچاوی خۆم ئەبینم کەمتیارت کرد بە شێر
|
بەینی بەینەڵڵا لە خواجە و فەیلەسووف وریاتری
|
چەن زەبەللاح و قوڕمساخ و تەڕاحت کرد بە پیاو
|
جا کەوابوو تۆ لە خوێندن چاتر و باڵاتری
|
کلکی کەر بەرز کەیتەوە ئەیکەی بە پێشەنگی قەتار
|
ئافەرین بۆ تۆ فلس بێشک لە من داناتری
|
***
|
وەرامی فڵس
|
قانعا گشت کەس ئەزانێ تۆ گژۆڵە و سەرکزی
|
تۆ لە گشت کەس بێ فلووس و بێ دەس و ڕسواتری
|
کاکە ئانە و مامە درهەم کۆمەکم کەن بێمە لات
|
تۆ لە جەم جەمتر لەدارا بێ خەم و داراتری
|
ئێستەکانێ چۆن جەنابی من لە تۆ دوورم تەواو
|
تۆ لە ڕێوی گەڕ خرابتر لات و بێ عنواتری
|
خوانەخواسە دەفعەیێ نەقشم ببینی تۆ بە خەو
|
جا ئەزانم چۆن لە گشت کەس هار و بێ مەعنا تری
|