من کە وا مەحروومی یارم پادشاهیم بۆ چییە
|
وا بە دەردی وی گرفتارم، ژیانم بۆ چییە
|
نیعمەتی دونیا بە مایە کەی حیسابە بۆ دڵم
|
بێ مەتاعی چاوەکەی سوود و زیانم بۆ چییە؟
|
نامەوێ باخی وەنەوشە و سونبول و ڕەیحان و گوڵ
|
خونچەیی لێوی نەبێ باخی گوڵانم بۆ چییە؟
|
نامەوێ ئەسڵا ژیانی خۆم بەبێ دوو لێوی یار
|
ئاوی حەیوانم نەبێ ڕوحی ڕەوانم بۆ چییە
|
خاکی بەر دەرگانەکەی سەد باغی فیردەوسە لە لام
|
ئاستانەی ویم نەبێ قەسری جینانم بۆ چییە؟
|
گەر غولامیم پێ کەڕەم کا پادشاهیم کەی دەوێ؟
|
جێم لەبەر دەرگانە بێ، ڕوتبە و نیشانم بۆ چییە؟
|
چم لە جێی عیسایی مەریەم سافییا بێ وەسڵی یار
|
ڕوتبەیی ئەعلامەقام و لامەکانم بۆ چییە؟
|