موددەتێکە شەو ئەناڵێنم لەژێر پاسارەکەت
|
خۆت نەکردە خاوەنی خەستەی لە گیان بێزارەکەت
|
وا لە چاوم جارییە فرمێسکی خەم باوەڕ بکە
|
ڕێ نەما خێڵی خەیاڵت بێتە لای بیمارەکەت
|
تا خیاڵت پادشاهی شاری دڵ بێ موشکیلە
|
قاسیدی خەو ڕوو بکاتە چاوی خزمەتکارەکەت
|
هاژەهاژی سەیلی چاوم پڕ بە عالەم مەوج ئەدا
|
قەتریێ نایێتە بەر چاوت لە سەختی قارەکەت
|
تا نەهاتم بۆ نەهاتی؟ تاکو تەبیین بێ بەهات
|
تازە هاتی هاتنت هەیهاتە بۆ غەمبارەکەت
|
حەسرەتا ڕۆژێ نەهاتیتە سەرینم پێم بڵێی:
|
ئەی غەریبی شارەکەم چۆنی لەگەڵ ئازارەکەت؟
|
سەبرە چارەی دەردی دووری، زیکرە دەرمانی گوناهـ
|
زوو دەگاتێ حاسڵاتی سەبر و ئیستیغفارەکەت
|
سابیری وریابە خۆ ئەو شۆخە وەعدەی دا بە تۆ
|
بەک هەمیسان ڕەنجەڕۆ بی، دەردی ساڵی پارەکەت
|