ئەی مودیری جازیبەی گۆیان و زەڕڕەی کائینات
|
شایەدی بوونی تووە سووڕانی مانگ و ڕۆژهەڵات
|
بیری لاپلاسی لە فیساغۆری چاتر شایەدە
|
گۆی بڵندانی زەوی گەڕدیدەیی چۆلی سەرات
|
چوومە کارخانەی ئەلەتریکی، کە نواڕیمێ بەدڵ
|
سەربەخۆ مومکین نەبوو هەرگیز پەیاکا تەرتیبات
|
دووکەڵی ڕۆشن بووە مێژووی بڵندانی زەوی
|
وا ئەسیری پێ دەڵێن پەیدا چلۆن بوو کۆوەهات
|
فەرمەسۆنان وادەڵێن بێ ماددە پەیدا نابێ هیچ
|
ماددە نەبوو، چۆن پەیا بوو ئەو تەمەی ڕەنگ ڕۆشنات
|
بەندەکانت هەندێکی ڕێگای بەهیوا بردووە
|
گوم بووە، هەندێکیشی شێواوە داماوە لەڕات
|
هەور و با و باران و ڕۆژ و شەو هەمووی پێویستییە
|
حیکمەتی تۆیە فەقیری و دەوڵەمەند، هات و نەهات
|
لەم ئیدارەی تۆ کە دەیکەی تێ دەنۆڕم چاترێ
|
بۆ بەنی ئادەم نییە، بۆ ڕێکی وو پێکیی وڵات
|
عاجز و دامەندەیی زانینی کار و کردەتە
|
سەد هەزارێکی وەکو لوقمان، ئەرەستۆ و سوقرات
|
هەر لەیەک عەردا هەوایەک، ئاوی یەک ڕووناکی یەک
|
بەر ئەدا زەهرە یەکێکی، نۆشە ئەودی دوو نەبات
|
تۆم ئەگەر تەئسیری ئەم جۆرەی بوایە سەربەخۆ
|
دوونەوەی ژێری، لەژیری و کۆڵیدا چۆن فەرق ئەکات
|
تۆ هەیو نابینرێی بێ جێ، لە هەمموو جێیێ هەی
|
ڕۆح و عەقڵی خۆم دەلیلێکە لە دەسما وەک بەرات
|
ڕێکیی دەوری جیهان تێک ناچێ دیارە هەر یەکی
|
بەم یەکیت دیارە نییە ڕۆڵە و کەس و باوک و برات
|
ڕۆحی گەورە تۆ چیی و چۆنی بڵێم حەددم چییە
|
بیری پەششە بۆ چڵۆنیی گۆی زەوی چۆن ڕێ ئەکات
|
یاخوا، بێ جێیە ئەم گوفتارە گەر عەفوم نەکەی
|
ڕوو لە کوێ کەم کێ نەجاتم دا لە ڕۆژی عەرەسات
|
زیندووە مردووی هەزار ساڵە ئەگەر مەیلت ببێ
|
هەر لەسەر نوو عالەمێ پەیدا بکەی هیچە لەلات
|
ئەی خوا ڕەحمێ بەقەومی میللەتی کوردم بکە
|
مەیل و فەرمانت ببێ ئاسانە، زوو پێک دێ ئەوات
|
لاوی من تۆ کارگەری و زانین و، پەیدا کە دراو
|
ڕوو لە دەرگەی خوا دوعا کا سەیید و شێخ و مەلات
|
زوو بەزوو پێکدێ (ئەسیر) ئەوجا هیوایی گەلت
|
بەخششی زۆرە دەهەندەی نابڕێ هەڵبەت خوات
|