موعەللیم خوێندنم با هەر موتاڵای حوسنی لەیلابێ
|
سعووباتی حینسابی نازەنینم ئێستە حەل نابێ
|
لە دەرسی عەشقی ئەودا ئێستەکە مەشغووڵی ئامینم
|
کەچی لای تۆ ئەبێ دەرسم لە نووکی فاتیحادا بێ
|
لە سەفحەی لەوحی ڕەش ناگەم ئیتر لێم مەگرە سا قوربان
|
لە شاگردانی دانانم موتاڵام لەوحی بەیزا بێ
|
بەلوتفی ئەو نیگارە سەبری مافاتم ئەبێ ئیمڕۆ
|
ئەگەر سەفحەی ڕوخی مەنزووری بەندەی بێ سەروپا بێ
|
کە دیم ئەو شۆخە زوڵفی گرژ و لوولە و مایلی عیشوە
|
وتم مەحبووسی زیندانە گەدا بێ یان شەهەنشا بێ
|
وەرە قوربان ئومێدم ڕەحمی تۆیە مەرحەمەت فەرموو
|
هەتا کەی قەلبی مسکینم لە وەسڵی تۆ تەوەللا بێ
|
ڕەزا نابێ دڵم بەم حیشمەتی دنیایە بێ ئێوە
|
دەسا فەرموو بە میوانی دڵم وا وەختە شەیدا بێ
|
لەبەر کەم تالیعی دوورکەوتەوە لێم تەلعەتی پاکت
|
ئەمان یاری وەفادار ڕێ نەدەی دڵ خوار و ڕیسوا بێ
|
دەوای دەردی دڵی فایق بە وەسفی تۆ ئەبێ قوربان
|
ئەبێ بۆ ئینتیزاری مەقدەمت دائیم موهەییا بێ
|