موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهـ ڕوخانم چی
|
لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی
|
نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داخی هیجرانە
|
بڕۆ ئەی ناسحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی
|
غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت
|
وەگەر نەیبێ قەدی سەروت لە سەیری گوڵستانم چی
|
من کە میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ
|
ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی
|
شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت
|
بەڵێ یەکبارە با ون بێ، لە ماهی ئاسمانم چی
|
بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت
|
کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی
|
بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت
|
گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی
|