میللییەت و وەتەنی ئەمڕۆ چاوەکەم باوە
|
پیاوی وڵاتی دڵی بۆ وەتەن وەکو قاوە
|
ئەمڕۆ ئەدوێ لە داغی وڵاتی لە ماتەمە
|
نوقمی خەیاڵە ماتە پەرێشان بووە لاوە
|
ئەوەی کە پیر و گەورەیە، هەندێ جلخوارە
|
هەندێکیش خەریکی بەزم گرتنە و ڕاوە
|
هەر چیت هەیە لە ڕێی وڵات و گەل و کۆمەڵت
|
خەرجی بکە، کە بمری بەشت چەن گەزێ جاوە
|
هەر چەن بخۆی و بنۆشی و بپۆشی بێ کەڵکە
|
ئەوەی کە کەڵکی بێ پاش مردنت برا ناوە
|
بێگانە چاکە بکا پیاوەتی لە گەڵت
|
هیچ لێی ئەمین مەبە ڕۆڵە ئەوە تەڵە و داوە
|
بۆ تورکی بێ وەفا وەکو پەرژینی موڵکی بووی
|
ئێستا بچۆ بزانە لەوێنە کەست ماوە
|
جلخواری یا سیاسەتی بەدبینە بیری تۆ
|
گەر کوردی مەردی برا بابدەوە واوە
|
گەر تێبکۆشی بەتوندی لە کاروکردەی گەل
|
بڵند ئەبی وەک باپیرە گەورەکەت کاوە
|
ماڵ و سەرت فیداکە لە ڕێی میللەت و کەست
|
ڕۆحی ڕەوانی عەزیزت برا بنێ لاوە
|
پیاوی وڵاتی، گەلی، کۆمەڵی ئەمەیە
|
گیانی بدا لە ڕێی کەسی وەک بادەیی ئاوە
|
پاروویی چەور و ئاسوودەیی بۆ تۆ هیچ نییە
|
گەر بیری وات بێ ئەسیری خەیاڵەکەت خاوە
|