مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی
|
مەخەو ئەی میری بەر سێبەر وەکوو شامی تەپیو بوردی
|
ئەلا ئەی پیری بێ حاسڵ لەکن خۆت عاقڵ و وردی
|
خەجاڵەت بی هەموو ڕەنجت قسووری خۆتە با بردی
|
سەنەی عومرت لە هەشتا تێپەڕیی و غافڵی هێشتا
|
کە تۆفانی ئەجەل ئەرز و سەمای شێوان و هاوردی
|
لە هەشتا تێپەڕی عومرت قیامەت نایەتە فکرت
|
جوێن و غەیبەتە زیکرت پیاوێ زیرەک و وردی
|
گرووهی ئەوەڵین ڕابوردن و ئێمەیش ئەچین ئاخر
|
ئەگەرچی من تەپۆڵکەم تۆ لە چاوی من وەکوو گردی
|
سەر و ڕیشت بووە پەمبوو سەراپا عومری تۆ غەم بوو
|
موسوڵمانیت هەموو دەم بوو، پەشیمانی و ڕووزەردی
|
ئەگەرچی من فەقیری شار و تۆ سوڵتانی دەورانی
|
بەهەر حاڵێ کە من مردم لەناکاوێ ئەتۆش مردی
|
ئەگەر یارانی ڕابردوو بە خێر بێنیتە یاد ئەمڕۆ
|
بە خێر یادت ئەکەن خەڵکی، سبە و دوویێ کە ڕابوردی
|
عەبا و جوببەی سپی و ساف و کەوای زەردت موبارەک بێ
|
بە سوورەت شەککەری ئەمما بە تام و ڕەنگ گۆگردی
|
زەمانی زوهد و پارێزکردن و هەم تەوبەیە سابیر
|
ئەگەر شێخی عەرەب یاخود ڕەئیسی تائیفەی کوردی
|
چییە دونیا زمستانە ئەجەل؟ بۆ ڕفت و بارانە
|
لە هەوری قیبلەوە سابیر بەتوندی هات و هاوردی
|