فەلسەفەی دینت وەکو شێخی غەزالیی خستە دەر
|
فیکری سوقراتت لەزیهنە، عەقڵی لوقمانت لەسەر
|
شارەزایی گۆی زەویت، زیاتر لە عیلمی بولفیدا
|
خۆ نەشتکردوە بەهیچ لایێکیدا گەشت و گوزەر
|
نەشری عیلمولڕۆحی تۆ مانەندی فەخری ڕازییە
|
بیری ماسۆنی لە مەژگی لاوی کورد بوو دەربەدەر
|
خەتمە عیلمی عەقڵی وو نەقڵی لەسەر تۆ هەردووکی
|
ئیبن ڕوشدی ئەندەلوس عیرفانی وابووبێ مەگەر
|
ڕێی خورافاتت بڕی، بنیادی فێڵی شێخەکان
|
بووبە دیوانی شرین و ڕەوشەنت، زێر و زەبەر
|
ڕەهبەی ڕاهی سەعادەت مورشیدی دینی موبین
|
عیلم و مەعلووماتی تۆ بۆ دینی ئیسلامە چەپەر
|
ڕاستی وو حەق و حەقیقەت چیبێ، بێ پەروا دەڵێی
|
پێشڕەوی ناکەی لە هیچ تەعنێکی نافامی حەزەر
|
شیعری پڕ مەعناو چاکت بۆتە دەستوورولعەمەل
|
لاپەڕەی گۆڤارەکانت، بۆتە کانیی خێر و فەڕ
|
هەر چەنێ مەدحی جەنابت کا ئەسیری هەر کەمە
|
بۆ جەلیزادە دەبێ هەڵبەسترێ تاقی زەفەر
|