ڕۆڵەیی ساوەت لە بۆ مەکتەب بەرە
|
کوردە ئەو جێگایە ئەمڕۆ جێی فەڕە
|
خوێندەواری پێگەیشتووی مەکتەبە
|
بۆ هیوایی گەل بەکار و ڕەهبەرە
|
ئەو کەسەی مەژگی لەوێ ڕۆشن بووە
|
ڕوو لە هەرچی دەوڵەتێ کا سەروەرە
|
سەیری نووسراوی علمیانم کە کرد
|
چشتێکی وام تیا نەدی بێژم شەڕە
|
تووشی هەندێکی دەبی، گەوج و نەزان
|
مەژگی تاریکە، ئەوە ئەسڵی کەرە
|
هەندێ باوەڕیان نییە گومڕابوون
|
باعیسی مامەوەسایی بەدفەڕە
|
ئەو کەسەی وریاوو زانا بێ بەفەن
|
بۆ نەجاتی کەشتیی گەل لەنگەرە
|
خوێندنی دینیش بزانێ چاک ئەبێ
|
هەردووکی بۆ دین و دنیا ڕەهبەرە
|
مەدرەسە زۆر چاکە فەننی تیا هەبێ
|
پێگەیشتوویی ئەوێ جێی سەرسەرە
|
خوێندنی تیایا نییە وێران بووە
|
خۆ خەریک کردن لەوێدا بێ بەرە
|
کوردە گوفتاری ئەسیری بێنە کار
|
ڕۆڵەیی ساوەت لە بۆ مەکتەب بەرە
|