مەیاڵۆزێنە زوڵفت مەیخەرە بەر دانەیی شانە
|
بە شکڵی ئێستەکەی جوانە کە وا پەخشانی سەر شانە
|
بە ڕەنگی زاهیرم باوەڕ مەفەرموو شاد و خەندانم
|
تەماشای خانەیی سینەم بکە ئێرانە وێرانە
|
مەیێڵە ناحەزانت چاو ببڕنە باغچەیی سینەت
|
مەبادا دەس بهاوێژن بۆ ناو ئەو باغ و بێستانە
|
لە کۆڕی عەشقبازانا چراغی ڕووت ببینێ دڵ
|
بە ناچاری لە دەوریا هەر وەکو پەروانە سووڕانە
|
کە خورشیدی ڕوخت بینم سەباحی مەحشەرم هەڵدێ
|
کە زوڵفت دایبپۆشێ تەنگی بانگی نوێژی شێوانە
|
دڵم زێڕێکە بێ هەمتا لەناو بۆتەی غەما سووتا
|
لە گەرمی ئاگری ڕووتا لەتاوانە لە تاوانە
|
عەمارەتگاهی دڵداران بوو سینەم ئێستە بیبینە
|
بەجارێ دار و پەردووی داڕووخا ئەم خانە وێرانە
|
هەتا کەی کەم سەبووری، ئەی سەبووری تووت هەڵگیرێ
|
شەو و ڕۆژم بناڵێنم بەدەم ئەم دەردی هیجرانە
|
برینی دەردی دڵ عورفی تەداوی ناکرێ ئیللا
|
تەبیبی ڕووی مەگەر بیکا عیلاجی ئەم برینانە
|