پیاوێکی دارتاش مەیموونێکی بوو
|
بۆ هەموو ئیشێک لەگەلیا ئەچوو
|
هۆگری بووبوو لای هەڵوەستابوو
|
مەیموون شاگرد بوو، دارتاش وەستا بوو
|
کە ئەیوت: تەشوێ، زوو بۆی ئەهێنا
|
شەقەی مشاری بۆ دائەهێنا
|
ڕۆژێک وەستاکەی داری ئەقڵاشت
|
جارجارە بە پواز لەنگەری ئەداشت
|
بە تەور دارەکەی ئەقڵیشاندەوە
|
بە پواز لە یەکی ئەڕەواندەوە
|
وەختی نیوەڕۆ کە چوو بۆ سەر ئاو
|
مەیموون هاتە جێی وەک وەستای تەواو
|
خۆی قیت کردەوە و لە جێی ئەو دانیشت
|
کلکی خۆی بە شوێن قڵیشدا داهێشت
|
پوازی دەرهێنا و کلکی پێوە بوو
|
کەوتە قیژ و هووڕ ئاگری تێ بەر بوو
|
کلکی مەیموونی تونگ تێ چەسپیبوو
|
قڵیشی جێی پواز یەکدگیر بووبوو
|
مەیموون غەشیم بوو، بوو بە فاقەوە
|
ئەیناڵان بە دەم واقەواقەوە
|
لە واقەی مەیموون خەڵک گرد بوونەوە
|
چوونە پێشەوە لێی ورد بوونەوە
|
کلکی گیرا بوو لە قڵیشی دار
|
ڕێگای نەدەبوو کەوتبووە هاوار
|
وەستا لە تاوا سەراوی نەکرد
|
هاتەوە پوازی لێدا دەستوبرد
|
مەیموون ڕزگار بوو بە کولەمەرگی
|
بەڵام ژانەکەی گەیشتبوە جەرگی
|
مەیموون چۆن ئەبێت بە وەستای دارتاش
|
بلبل و لەقلەق نابن بە یۆڵداش
|
ناگاتە پایە مەردی ناحساب
|
نان بۆ نانەوا، گۆشتیش بۆ قەساب
|
قەت ڕێک ناکەون حوشتر و قەزازی
|
هەورامی و سواری، مەلا و ڕمبازی
|