نامیهرەبانی کوشتمی ئەی میهرەبانان ئەلغییاس
|
چار و عیلاجێکم بکەن شێخ و حەکیمان ئەلغییاس
|
درد و برینم کارییە، ناڵاندنم بێچارییە
|
بۆ چاری ئەم بیمارییە حەیرانە لوقمان ئەلغییاس
|
گاهێ بە بەدری ڕوومەتی یار نیوەسووتم وەک کەتان
|
گاهێ ئەوە خورشید و میش، وەک زەڕڕە ڕەقسان ئەلغییاس
|
داوێنی یارم چوو لە دەس، تەسکینی دڵ نایە بە کەس
|
دڵ وەختە بشکێنێ قەفەس وەک عەندەلیبان ئەلغییاس
|
فرمێسکی خوێنینم نەما، چاوی جیهانبینم نەما
|
وا ڕۆحی شیرینم نەما، چی بکەم بە قوربان ئەلغییاس؟
|
يا نار و كوني مطلقا، ئاگری دڵی نەکوژایەوە
|
ئەم شەو دزێ وا ئاگری بەردا لە خەرمان ئەلغییاس
|
هاوار و زاری پیشەمە، بێ شک ئەڵێی چاوئێشەمە
|
دەردی دەمار و ڕیشەمە، جەمعی موسوڵمان ئەلغییاس
|
نیل و فوڕاتی چاوی تۆ خەرمانی پێ ناکوژێتەوە
|
ئاوی سەبووری بێنە دەس، بێ سوودە گریان ئەلغییاس
|
عومرێکە واوەیلا دەکەم هەر شیوەنی لەیلا دەکەم
|
مەجنوون سیفەت وێڵی سەحرا و دەشت و بیابان ئەلغییاس
|
سابیر لەبەر مەجنوونی ڕووت بۆتە کەتانی نیوەسووت
|
فەرموو بڵێ نەختێ سکووت، تۆ بیی و قورئان ئەلغییاس
|
سابیر بە گریان و فوغان ناکوژێتەوە خەرمانەکەت
|
تا ئاوی سەبری پیانەکەی بێ سوودە ناڵان ئەلغییاس
|