نامەیەک بۆ جەنابی شێخ عوسمانی بیارە
پەرێشانیی دڵم ئەمڕۆ بە هیوای لوتفی عوسمانە | کە خاکی مەقدەمی بێ شک، دەوای دەردی دڵ و گیانە |
ئەگەرچی هەر دیار نیم و بە چەشنی زەڕڕە ناپەیدام | بەڵام دەرکەوتنم قوربان بە شوعلەی شەمسی تابانە |
چ خۆشە هەڵترووشکانێ لە بەر قاپیی مورادی تۆ | بە شەرتێ تۆش بڵێی یاران ئەوە یارۆی مەریوانە |
مەلا نازی بە عیلمە؛ سۆفی، فەخری ویرد و ئەورادە | منیش ئوممێدی دارەینم لەلای تۆ لوتفی جارانە |
مەفەرموو بۆ نەهات، ئەڵبەت نەماوە شۆر و ئیخلاسی | بزانە مانیعم پیری و خەتای سەرما و بارانە |
لە بیرم دێ کە ئیمزام «قانع العثمانی» دانابوو | بڵێم چی ئێستە بەدبەختم، ئەڵێن مونکیر بە شێخانە |
بە چاوی باتینی بڕوانە قوربان بۆ دەروونی من | ئەزانی قانعم مەحکەم لە سەر ئەو شەرت و پەیمانە |
وەڵامی شێخ عوسمانی بیارە بۆ قانع | |
قانع لە حەشاری کەوکوشتنا کە «کۆڵیت»یشی پێ دەڵێن بە پارچە هەڵبەستێک نامەیەک بۆ شێخ عوسمان ئەنووسێت، ئەم شێعرانەی خوارەوە وەڵامی ئەو نامەیەی قانعە. | |
هۆشیاری حەشاری خیرەدی دەرکی نەچیران | سەییادی کەوی زیرەکی مورغانی سبەینان |
چەند خۆشە سبەینانە کە گوێ دەگری لە دەنگی | نەززارە دەکەی خاڵی مل و لەنجەیی جەیران |
ئەو کاتە کە پێکات بە پەیکانی خەدەنگ | یاڕەب نەشکێ پەنجەیی سەرماشەیی شێران |
بیکە بە کەبابی فڕنی کورەیی سینە | سینەم کە شەرارەی کوورەیە و لەهبەتی نیران |
ئانێ کە چزەی دێت و پڕوزەی سەری سیخی | شێخێ، بەنەزەر بێنە پڕوزەی دڵی بریان |
چون شوبهەتی کزەی جەرگی منە زوو بکە یادم | یاڕەببی هەموو سەیدی تۆ بێ تەیری مەریوان |
پۆل پۆلی کەو و قاز و قوڵنگ، سۆنە و کۆتر | گیرۆدەیی دەم داوی تۆ بێ کێوی شەمێران |
هەرچەندە کە نەینێری بەشی من نیوەیی ڕانی | هەر بەو خەبەرە قانعە دڵ، مەیلی بە سەیران |
چ بکەم لە دڵ و تالیعی کەچڕەوتی زەمانە | من مامەوە کەمبەخت وەکوو خانی «سپێران» |
«موخلیسی قوبووڵنەکراو: قانع»
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|