نامەی فرمێسکاویم
نامەی من بۆ تۆ پەری خان تەواو نابێ | بە هەزاران پەڕە ستەمە کۆتا بێ |
سەدان هەڵبەستی بەکوڵی تر بنووسم | بۆت دەربڕم سکاڵا و سۆز و ئەفسووسم |
باس بکەم چەندە پەشێوم لە دووریت | چەند شێواو و پەرێشانم بەزویریت |
چۆن خەم وەک تەم ڕۆژی لێ کردووم بە شەو | دووریت چۆن لێی حەرام کردووم خۆراک و خەو |
هەرچەند بنووسم دەربڕم هەستی بەکوڵ | بە فرمێسکی خوێنینی چاو، زووخاوی دڵ |
کۆتا نابێ و دڵیشم ئاو ناخواتەوە | هەر ئەترسم بمرم من بەو ئاواتەوە |
کە پێکەوە وەکوو خەڵکی بەختیارانە | بژین لەدوای ئەو سزا و سەختی زیندانە |
ئەو هەموو سۆ و ئەشکەنجەیەی چێژاومانە | ئەو گشت باری ناخۆشییەی کێشاومانە |
تۆڵەی هەموو نەکەینەوە گیانی شیرین | بە خۆشی و شادی پێکەوە هەموو بژین |
بەڵام نا گیانە تاکوو بووین بە وەفا و جوان | لەگەڵما هاوبەشی ژینیت هەتا نەمان |
هەر ئەگەینە ئەو ئاواتەی کە هەمانە | کە پیرۆزترین ئامانجی هەردووکمانە |
چونکە ڕاستی و پاکی گیانە سەرئەکەوێ | چەوتی و ناپاکی و بێوەفا هەر ئەنەوێ |
1962/07/25
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|