نووری چاوم کاکە فایەق ڕوحەکەم هیوایی گەل
|
پۆستە، نامەت ناگەیێنێ فەرموو بێ بۆ خانی تەل
|
خۆشەویستیی گەل کە کاری کردە مەژگ و مۆخ و ڕەگ
|
بیری پێ ناوێ بەخۆی هەڵبەت ئەنووسێ، دەست و پەل
|
عەشقی میللەت پێم دەڵێت و پێم دەنووسێ ڕۆژ و شەو
|
گەرچی داماوم لەداخا دەردەدارم بوومە شەل
|
تاک و تەنها غەمخۆری نیشتمانی پاکی کوردی گورد
|
بوومە نیشانگا وەکو دارەبەنی لێواری کەل
|
سەروەرم ڕوحی شیرینم هێز و توانایی لەشم
|
ئێوەن ئەمڕۆ بەڕاستی، پێک هێنەری فەرمانی گەل
|
تۆو هەواڵانت پڵنگ و شێر و بەبرو پارسن
|
چی لە مەللایی کزو بێ دەست و بەستەزوانی مەل
|
هەر بەیادی ئێوەیە مانی ئەسیری دەربەدەر
|
بەردی ئێوە تێک ئەدا پۆل و بڕی بەدخواهی قەل
|