نووری جەماڵت جەلابەخشی تەماشایی ڕووح
|
لێوی شەکەرباری تۆ، زائیقەبەخشایی ڕووح
|
پڕتەوی ڕوخساری تۆ، دیدەیی بیماری تۆ
|
مورسیی ئازاری تۆ، مەنشەئی غەوغایی ڕووح
|
عیللەت و ئازاری من، قەلبی برینداری من
|
دیدەیی خوونباری من، شاهیدی دەعوایی ڕووح
|
خەلقی خودا ئەی پەری بۆ لەبی تۆ موشتەری
|
هەم بە سەمەرقەندی دڵ، هەم بە بوخارایی ڕووح
|
دڕکی غەمی عەشقی تۆ، وا چەقییە پایی دڵ
|
قووەتی نووری نەما، دیدەیی بینایی ڕووح
|
تەرجەمەکەی ئایەتی مەسحەفی ڕووت مەقسەدە
|
وەرنە ئیجازەت نییە گوفتنی مەعنایی ڕووح
|
یا بە شەکەرخەندەیێ لەرزی دڵم چارەکە
|
یا بە دوو عیننابی لێو، واهیمە شەوتابی ڕووح
|
باسی ڕەنگ و ڕوو نییە، عیللەتی مەجنوونییە
|
کاری ئەرەستوو نییە، جەننەتی سەودایی ڕووح
|
سابیر ئەگەر جان و دڵ سەرفی بکەی لائیقە
|
بۆ سەنەم و دولبەری هەمدەم و هەمتایی ڕووح
|