نۆک و ئێستر و بەڕوو سێ زۆڵن
نۆک و ئێستر و بەڕوو سێ زۆڵن | پەنجە و ناشی و بار هەر سێکیان کۆڵن |
زۆڵەکی بەڕوو هەرگیز نابرژێ | پریشکی ئێستر لە کەر ئەپرژێ |
دوو کەڵ بە دووکەڵ وا قانگ دراون | وەک لنگە بەرداش هەڵپەسێراون |
بیرازکەر لەدەست بیراز بێزارە | بەرداش لە خۆیا هێجگار بێعارە |
دوو مڵۆزمی تیایە ئەم شارە | یەکێ قومارە، دووەم خەمارە |
قومارەکەیان سەری بڕاوە | خماریش نوقتەی بۆ دانەنراوە |
بە چاولێکەری چاومان نەماوە | مایە پووچیمان بە بەر بڕاوە |
لە دەزووی گیپە لەرز و تا ئەبڕین | بە ئاوی دەستنوێژ چاوەڕێی گوڕین |
کفتەی جوولەکە بۆ سێبەڕۆ دار | بۆ خۆشەویستی، کوزە کەمتیار |
بە شەو شەمالەی کۆڵانان ئەگرین | لەبەر ئازایی جەردەکان ئەمرین |
هێشتا خەڕەک و گوڵەژەن باوە | فابریقەیەکی کەس دانەناوە |
بۆ توتنی تاڵ مایەی سەر و ماڵ | فابریقەی شەکر کەس نایکا بە ماڵ |
فەرقی شیرینی و تاڵی ناکرێ | نیوەی دەرامەت بە شەکر ئەدرێ |
ئەو پارەی ئەیدەین بە شەکری بیلاد | فابریقەیەکی پێ دێتە بنیاد |
بە «سانگەیدم» مزگەوتێ کرا | ئێمە بۆ شەکر هێلکمان بڕا |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 586 و 211
1939/11/11
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|