نیگارا ڕوویی ڕەحمێ گەر لەسەر ئەو عەهد و پەیمانی
|
دڵی بێچارەکەم مەعلوولی تۆیە چی لە لوقمانی
|
وەرە بەشقی خودا یا بیکوژە یا بیکە دەرمانی
|
فیدات بێ ئەو ڕوحی شیرین هەتاکەی دڵ پەرێشانی
|
بەڵایێ وات بەسەر هێنام چ کەس دەرمانی نازانی
|
لە بێ عەهد و وەفایی بوو وەها مەنفووری تۆیە دڵ
|
لە ڕەسمی پڕ جەفایی بوو کەوا مەهجووری تۆیە دڵ
|
خودا هەڵناگرێ جانا پەشێوی دووری تۆیە دڵ
|
زەمانێکە لە گۆشەی بێکەسی ڕەنجووری تۆیە دڵ
|
حەبیبم کەعبە کەچ نابێ ئەگەر خۆت بێیە سەردانی
|
لە نەقشی عارزت حەیرانە دائیم مانییێ چینی
|
لەسەر ڕوو پەردە بەس لادە هەموو شەخسێ کە نەتبینی
|
لە دڵ سەبر و لە تەن تاقەت، لە سەریا عەقڵ نامێنی
|
کەسێ لەم عەسرە نەیدیوە بەشەر وەک تۆ بە شیرینی
|
تەحەیور ما لە تەسویرت ئەگەر نەقاش ئەگەر «مانی»
|
لە فەریادم وەرە ئەی گیانی شیرین ڕۆژت ئەوڕۆیە
|
دڵم مەشکێنە بەستەی زوڵف و خەستەی پەرچەمی تۆیە
|
لە تفڵی عەبدی تۆم ئێستێش لە بۆ تۆم شین و ڕۆڕۆیە
|
لە منداڵێوە تەوقی بەندەگی تۆم هەر لە ئەستۆیە
|
وەکوو قومری دەناڵێنم، عەزیزان دڵبەرم کانی؟
|
لە قەلبم تا ڕەمەق ماوە وەرە ئەی جانی شیرینم
|
تەڕەحوم کە، بە سەرما ڕابرە، تێ فکرە ناڵینم
|
لە نەزعا فائیدەی نادا دوعای تەسکین و ئامینم
|
وەرە سەر چاوەیی چاوم، بنۆڕە سەیلی خوێنینم
|
قیاسی ناکرێ ئەسڵا لە حەوز و جۆگە وو کانی
|
لە دەردی دووریی یاران نەما ئارام و تەسکینم
|
وەرن ساتێ لە ڕێگەی خوا بپرسن گریە وو شینم
|
نەجاتیم دەن لە ئەم دەردە بە مردن یا نە خۆ ژینم
|
بڵێنە شۆخەکەم تاکەی لە دووری هەر بناڵینم
|
چییە جارێ وەکوو عارەب کە دەستم گاتە دامانی
|
لە نێو تابووری غەم وا هات لە تەعلیماتی مەشقی تۆ
|
چ ترسی قەید و زنجیرە لە ئەستۆ دایە تەوقی تۆ
|
بە موژدەی وەسڵی پابۆسیت حەیا وا چوو لە شەوقی تۆ
|
هەتا ئێستێکە مەشهوور بوو بە بەدنامی لە عەشقی تۆ
|
چ باکی لۆمەیی غەیرە لەمەولا سافی هیرانی
|