ساڵێ کابرایەک چەخماخسازێ چاک
|
ژیر و لەسەر خۆ دەس و دەسا و پاک
|
لوولە کۆنێکت ببردایە بۆی
|
ئەیکرد بە تفەنگ وەک کارخانەی خۆی
|
بە چاوی خۆم دیم لە شارەزوور بوو
|
بەڵام بە ژیری خۆی زۆر مەغروور بوو
|
چوو بۆ سەر دووکان، دووکانی دۆمێ
|
دۆمێ سەد ساڵە پیر و پشت کۆمێ
|
کاتێ چاوی کەوت بە مشتە و گازن
|
دەزگا و چەرمێڵە و پێکەنە و پەڕۆچن
|
زۆر زۆر پێکەنی بەم ئەسبابانە
|
ئەیوت ئەمیشە ئەسبابی نانە؟
|
دانیشت لە جێگەی پیری کۆماوە
|
تاکێ کڵاشی هێنا بەملاوە
|
شفرەکەی هەڵگرت بۆ بڕیامانی
|
چوون ئیشی نەبوو هیچ لێی نەزانی
|
کاتێ شفرەکەی نایە سەر پەڕۆ
|
پەنجەی خۆی قرتان خۆی کرد ڕەنجەڕۆ
|
هەرچی هەوڵیدا دەسی سەقەت بوو
|
سەنعەتی خۆیشی لەدەسی دەرچوو
|
لەم ئاخرییەدا تەواو کەوتە سواڵ
|
ئەسووڕایەوە لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ
|
کەلک
|
کاکە گشت بەشێ بەشی خوایە
|
بزانە سەنعەت یەک لە یەک جیایە
|
نابێ مەغروور بی بەوە کە ئەیکەی
|
لە دەسکاری خەڵک هەر تەعنە بدەی
|
کەی بزانی کە خوای هەمووان
|
هەریەک بەجۆرێ دنیای دامەزران
|
یەکێ بە شێتی، یەکێ بە ژیری
|
یەکێ بەجوانی، یەکێ بە پیری
|
خوا ئەم دنیایەی وەها داناوە
|
بەم جۆرە ئەڕوا هەتاکوو ماوە
|