– سەلامون عەلەیک مامەی ئیختیار
|
– عەلەیکە سەلام کیژۆڵەی نازدار
|
– مامە! بە ئاشنا دێیتە پێش چاوم
|
– ڕۆڵە گیان ڕەنگە، من زۆر گەڕاوم
|
– بێ قەیری نەبێ، ناوت نازانم
|
– ناوم قانع و شەیدای نیشتمانم
|
– تۆی مەلا قانع، شاعیری هۆزی؟
|
دایم چاوەڕوان بۆ بەرزی کۆزی؟
|
– ڕۆڵە گیان بەڵێ، قانعم ناوە
|
بۆ خۆم و بۆ تۆ، جەرگم سووتاوە
|
– مامۆستا ئێمە گشت بەش خوراوین
|
بەڵام، لە لادێ تەواو فەوتاوین
|
بیستوومە جار جار، کە ناومان ئەبەی
|
ئەی بۆ هاوارمان تەواو بۆ ناکەی؟
|
ئەوەڵ تا ئاخر، هەر بەش خوراو بووین
|
لە ناو کۆمەڵدا، سەر دانەواو بووین
|
هەتا مناڵین زەلیل و خوارین
|
عاجز و مەلوول، دایم خەمبارین
|
گا زەجر و لێدان، گا بە ڕووت و قووت
|
چڵکن و پڵکن وێنەی مەلکەمووت
|
ئێمە هێشتاکوو، واین لە دەوری بەرد
|
چاو هەڵدووراوین بە هەناسەی سەرد
|
ئەر بڵێم ئەمشەو ئەچمە سینەما
|
ئەڵێن تۆ کچی حەیات بۆ نەما؟
|
گەر بڵێم ئەمڕۆ ئەچم بۆ قەتار
|
ئەچم بۆ گەڕان لەم شار بۆ ئەو شار
|
هەی لەم نێر کوڕکە، کە پەیدا بووە!
|
ئابڕووی شیرینی لە دەس دەر چووە
|
یا بڵێین ئەمڕۆ کاتی بەهارە
|
کاتی سەیرانی گوڵ و گوڵزارە
|
نیوەڕۆ دوایێ بچین بۆ هەردان
|
بۆ سەیری بەهار، لەگەڵ هامفەردان
|
کچێ، تۆ کچی، داکەوە لە ماڵ!
|
نابێ، بێیتە دەر، بە درێژایی ساڵ
|
***
|
ئەوەڵ تا ئاخر، ئێمە هەر دیلین
|
ژیان سووتاو و زار و زەلیلین
|
ئێمە ناوێرین بڵێین ئینسانین
|
دایکی دواڕۆژ، دەستەی لاوانین
|
حیسابمان بکەن، بۆ هەڵبژاردن
|
ڕۆژی ئینتیخاب، بۆ وەکیل ناردن
|
هەر وەکوو بەشەر پێمان بخوێنن
|
لەسەر خۆڕایی مەمانڕەنجێنن
|
ئێمەش وەکوو کوڕ، حەز لە ژین ئەکەین
|
حەز لە زانین و تێکۆشین ئەکەین!
|
قانع:
|
کچم بە سەر چاو، کۆرپەی شیرینم
|
یا خوا بە کزی ئیتر نەتبینم
|
هیچ خەفەت مەخۆن، دنیا گۆڕاوە
|
کورد لە خەو چاوی چاک هەڵ هێناوە
|
پێتان ئەخوێنن، زۆر بە ئارەزوو
|
بە مەیلی خۆتان، ئەتاندەن بە شوو
|
لە ماڵ و میرات بەشتان دا ئەنرێ
|
لەگەڵ کوڕانا فەرقتان ناخرێ
|
ئیتر خەم مەخۆن، نووری چاوانم
|
ئاهووی بیابان، دایکی کوڕانم
|