کوردە بەخوا عەیبە بۆ تۆ قەت سواڵی کەس مەکە
|
خۆت حەواڵە تیر و تانەی عالەمی ناکەس مەکە
|
بۆ دزی پۆلی تری یا لێفە کۆنێکی دڕاو
|
خۆت بەناحەق موستەحەققی گرتنی مەحبەس مەکە
|
مننەتی بێگانە وەڵڵا بێ درۆ دڕکی دڵە
|
تۆیش دڵت ڕازی بە زەخم و ئێشی خار و خەس مەکە
|
گەر لە ئەوەڵ دەفعەوە ئەم فرسەتە نەفعی نەبێ
|
میوە ئاخری خۆشە مەیلی بەرسیلەی زوو ڕەس مەکە
|
من ئەزانم ئیتفاقی عامە دەستە بۆ وەتەن
|
ئەی ڕەئیسی بەعزێ کوردان قەت وەتەن بێ دەس مەکە
|
فەرزە بۆ شاهـ و گەدا کۆشش لەبۆ خاکی وەتەن
|
کاکی ناتق خۆت لە بەحسی خاکەکەت ئەخرەس مەکە
|
تۆیش وەکوو قانع لە لای میللەت پەرەست قەدرت ببێ
|
ئیش و کاری هەر هەتیوی هەرزە و بێکەس مەکە
|