نەمدی کەڕەتێک تاقە نیگاهێکی عەتا کا
|
بەم شاهی و والایییە لوتفێ بە گەدا کا
|
لێی دوورە کە یەک ڕەسمی موسڵمانی ئەدا کا
|
«ڕۆژێ نەبوو ئەو دولبەرە بێ ڕەحمە وەفا کا
|
جارێ نەبوو ئەو کافرە شەرمێ لە خودا کا»
|
من کوشتەیی چاوانم و چاوانی لە من ون
|
دەرد و ئەلەمیش گشتی بەوە لێم بووە دوژمن
|
بۆ چاک و شەفا کردنی ئەم دەردە دەواچن؟
|
«حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من
|
لوقمانی ویسالی مەگەر ئەم دەردە دەوا کا»
|
کاتێکی کە پێی نایە ڕکێف، تاو لە خەمی مرد
|
ڕۆیشت و خەم و فیکرمی با دڵ لەگەڵی برد
|
ئێسکی لەشی من گشتی لە ژێر باری فیراق ورد
|
«کارێ کە غەم و دەردی فیراقی بە منی کرد
|
سەرما بە هەتیو، با بە دەواری شڕی ناکا»
|
عاشق کوژ و جەببارە بە دوو دیدەیی کەحلی
|
سەد حۆری سەری شۆڕە لە بەر قامەتی نەخلی
|
جێی فەخرە لە بۆ دەم، کە ببۆسی کەفی نەعلی
|
«دێوانەیە شەخسێ کە بە غەیری لەبی لەعلی
|
وەک شاهی سکەندەر تەڵەبی ئابی بەقا کا»
|
هیجرانی، گەلێ موهلیکە بۆ بەندە وەکوو سەم
|
هەم سینەیی سووزانە و هەم دیدەیە پڕ نەم
|
زووخاو و خەمی دوورییە، خۆراکمە هەر ژەم
|
«تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی هیجری وەکوو شەم
|
نێزیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا»
|
تەنها سەفەرم ڕێگەیی ئەو شۆخەیە، ڕێمە
|
زنجیری هەوای عەشقی ئەوە، دایمە لە پێمە
|
بەم حاڵەوە پێم سەیرە یەکێ دیکە لە جێمە
|
«لەم ڕێگەیە تەقدیریی ئەزەل وا بوو کە ئێمە
|
پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا»
|
حەتتا لە خەویش دوورە لە من بچمە کەناری
|
قەلبی ڕەقی وەک بەردە، نەرم نابێ بە زاری
|
تەخمیس و غەزەل زەڕڕەیەکیش نایە بە کاری
|
«گیان و دڵ و دین، هەرسێ دەکەم بەزل و نیساری
|
بێ کامی دڵی من بە لەبی لەعلی، ڕەوا کا»
|
ئەشقی ڕوخی ئەو یارە منی کردووە ناتیق
|
چونکی کە «ڕەزا» شێخەو و هەم شاعیری حازیق
|
تاهیر گەلێ پێی خۆشە قسەی شێخێکی سادیق
|
«سەر دانێ لە ڕێی ئەشقی ڕەزا، لازمە ئاشیق
|
بۆ یاری سەر و ماڵ سوپەری تیری قەزا کا»
|