نەوبەهارە مەوسیمی پشکووتنی گوڵ هاتەوە
|
ئیعتیباری شیوەن و هاواری بولبول هاتەوە
|
خوێنی چاوی عاشقانە ڕووی زەوی نەخشانەوە
|
زەحمەتە سەیلی بەهاری نەقشەکەی بشواتەوە
|
حەزرەتی لوقمان گریمان ئێستە زیندووبێتەوە
|
باوەڕم نایە برینی عاشقان چا کاتەوە
|
کەی ئەبێ یا ڕەب سبەینانێ نەسیمی ئاهـ ئاهـ
|
سا لە باغی جەننەتی حوسنی گوڵی گەش کاتەوە
|
ئەو بە تیری غەمزەکەی جەرگی بڕیم و تیری من
|
هەر هەناسەی سەردە هاویتم ئەویش بۆم هاتەوە
|
ئەهلی دونیا بۆ پڵاوە جۆبڵاوی لێ ئەکەن
|
دابنیشە نانەڕەق بووڵاوە ناو شۆرباتەوە
|
ڕاحەتی ئینسان لە بێدەنگی ئەبێ، سابیر خەمۆش
|
تۆ کە عەبدی حەیفە ڕوو ناکەی بە لای مەولاتەوە
|
سابیری یەعقووب ئەگەرچی هیجری یووسف کوێری کرد
|
حەمد و سەبری کرد بە عادەت، یووسفی بۆ هاتەوە
|