موبارەک بێ بە سەربەستی کە ئەمڕۆ جەژنی لاوانە
|
موبارەک بێ بەدڵخۆشی کە جەژنی میر و گاوانە
|
موبارەک بێ کە ئەم نەورۆزە جەژنی میللەتی کوردە
|
موبارەک بێ بەدڵخۆشی کە جەژنێکی قەدیمانە
|
برا ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە کە جەژنی میللەتی کوردە
|
برا ئەم ڕۆژە ڕۆژێکە کە فەخری هۆزی کوردانە
|
لە نەورۆزا بوو کەیخەسرەو چووە سەر تەختی ئێرانی
|
هەر ئەم نەورۆزەیە ڕۆژی جلووسی شا کەریم خانە
|
لە نەورۆزا بوو کاوە، مێشکی زەححاکی کە دەرهێنا
|
هەر ئەم نەورۆزەیە ڕۆژی فتووحاتی هەڵۆخانە
|
لە نەورۆزی هەزار و بیست و پێنجی هیجریا بوو خۆ
|
لە شاری «زەڵم» خان ئەحمەد چووە سەرتەختی شاهانە
|
قڕی خستە «قزڵباش» و شکانی هێزی «تەهماسیب»
|
تەماشای بەندی مێژوو کە بە ڕووناکی نمایانە
|
دەسا گوێڕاگرە میللەت کە چۆن ئێستاکە داماوی
|
لەداخی سەر کزی تۆیە کە قانع جەرگی بریانە
|
دەسا چاکت بەلادا کە لەمەیدانی فیداکاری
|
بەرابەر دوژمنت هەردەم بنرکێنە بە شێرانە
|
دەسا ڕاستۆ بن ئەی میللەت هەتاکەی مات و بێ هۆشن
|
لەبەرچی خاکی نیشمانت لەبۆ تۆ کونجی زیندانە
|
لەبەر چی لاوی خوێن گەرمت پەشێو و مات و بێ ڕەنگە
|
لەبەرچی گەنجی هۆشیارت لەبەر تۆ جەرگی داغانە
|
لەبەر چی کەوڵی خۆت ئەمڕۆ وەکوو ڕێوی بە کوشتی دای
|
بەدەس خۆتە سووتاوی تەداویت سەهل و ئاسانە
|
پشتی یەک بگرن لە دڵ دەرکەن ڕقی یەکتر
|
... خەمی یەکتر بناڵێنن بە مەستانە
|
برا بن غایەتان یەک بێ برایی غایە یەک بوونە
|
ئەوەی کۆمەک بەبیرت بێ لەهەر لا بێ براتانە
|
بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ کە هاوبیر و کە هاوخوێنە
|
بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ کە وەک من جەرگی داغانە
|
بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ وەتەن نەفرۆشێ بۆ پارە
|
بڵێ لاوێ وەکێڵم بێ لە بۆ من هەر لە گریانە
|
دە قانع سەرکەوە بۆ سەر منارەی بەرزی ئامانجت
|
لەوێدا بانگی مللی دە و بڵێ وا ڕۆژی نیشتمانە
|