ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیە و پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|
وا ستارەی بەختی کورد ڕووی کردە بورجی سەعدەوە
|
هاتەوە فەسڵی بەهاری ئەو بەئیفای وەعدەوە
|
مژدەیی نەورۆزی هێناوە بەگرمەی ڕەعدەوە
|
وا هەموو سەوزایی سەر دەردەخەن، لە باوەشی مەهدەوە
|
هاتنی ئەم ڕۆژە هەنگی خستە کار و جەهدەوە
|
ڕۆحی گوڵ دەگرێ و دەچێ دەیکاتە شانەی شەهدەوە
|
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیەو پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|
***
|
چەژنی نەورۆزە، گەلی کورد کەیف و سەیرانان ئەکەن
|
بۆ سیاحەت ڕوو لەکێو و شیوو سەحرایان ئەکەن
|
دەسکی مێلاق و گەزیزە و نێرگز و لالا ئەکەن
|
داوەتی سێ گرمەکێ تەشخیسی پێش دادیان ئەکەن
|
سەد شوکر هەر ساڵێ کورد تەجدیدی ئاساریان ئەکەن
|
چەژنە پیرۆزەی یەک و هەم یادی گوڵشەنیان ئەکەن
|
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیە و پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|
***
|
یەک هەزار و هەشت سەد و پەنجاو هەم یەک ساڵ ئەکا
|
میللەتی کورد چەژنی نەورۆزیش وەکو چەژنان ئەکا
|
لەودەمی چونکی هاموڕابی خودا غالیبی ئەکا
|
موددەتی پەنجاوپێنج ساڵ حوکمڕانی دەکا
|
کوردەکان ئاوارە و بێ تەخت و تاراج دەکا
|
خاکی کوردستان بەزوڵم و جۆرەوە وێران ئەکا
|
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیە و پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|
***
|
کاوە وەک ویستی وڵاتی خۆی لە دوژمن کا تەهی
|
دەست بەجێ لای برد هاموڕابی لەسەر تەختی شەهی
|
ئەو ڕۆژیش فرەیدوون هاتە سەرتەختی مەهی
|
نەشری کرد جاڕی حوکمڕانی و ئەسالیبی شەهی
|
چون لە دەست دوژمنا لەم ڕۆژەدا کورد بوو ڕەهی
|
لێدرا لەم ڕۆژەدا مۆزیقەیی شاهەنشەهی
|
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیە و پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|
***
|
ڕۆژی نەورۆزی عەجەب، چەژنێکی شەوکەتە
|
چەند موهیم و گەورە و پیرۆز و خاوەن هەیبەتە
|
ڕۆژی وا پڕ مینەت، شایانی قەدر و عیززەتە
|
چونکی کورد، لەم ڕۆژەدا نائیل بووە بەم فرسەتە
|
واجبە تا ڕۆژی حەشر بزری نەکەین ئەم غیرەتە
|
بەڵکو دیسان دەربچین، ڕۆژێکی تر لەم زیللەتە
|
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیە و پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|
***
|
قەومی ئاری شوکردوو چەژنی تایبەتیان هەیە
|
چەژنی نەورۆزێ کە چوو، چەژنی میهرەجانیان هەیە
|
چەژنی نەورۆزیان لە بۆ تیزکاری گوڵشەنیان هەیە
|
میهرەجانیشیان لە شوێن ئاساری پێشدادیان هەیە
|
میللەتی "گیو" هەرچەنێ دیسانەکەش بەختیان هەیە
|
چون لە ئاساری قەدیمی چەژنی نەورۆزیان هەیە
|
ئەی گەلی کورد چەژنی ئەم نەورۆزەیە و پیرۆز بێ
|
دوژمنی ئێوە: کەنەفت و کەوتوو و بێ ڕۆژ بێ
|