نەچەرخا ئەم چەرخە ڕۆژێ بە کامی ئیقباڵی من
|
نەی پرسی جارێ لە بەختی سەرگەشتە و عەودالی من
|
وا لە گێژاوی غەما غەرقە گەمتەی تالیعم
|
پەیاپەی ئاوازی حوزنی لێوە دێ شەماڵی من
|
گێژەڵووکەی بای ئەسەف وا دنیای کردووە بە تەم
|
هەر شکست دێنێ لە عەرسەی خۆشنوودیا زاڵی من
|
دەردی فیراقت دەست بە شمشێر ڕیشاڵی جەرگی بڕیم
|
گاشە بەرد دێنێ ئەیکاتە کۆسپی ڕێی ویساڵی من
|
خۆی لە هەر جێ لائەدا لافاوکەی سەرگەشتەگی
|
ناوەستێ تاکو ئەگاتە بەردرگانەی ماڵی من
|
گەر تاوێ شاد بێ دڵم یەکسەر چنگاڵی خەفەت
|
دەست ئەخاتە بینەقاقای تازە بوکی حاڵی من
|
فیعلی مازی بەس بخوێنە باسی موزاریع بکە
|
تا بزانی ئێستەکەش ناسرەوێ حاڵی من
|
پێم بڵێ ناتیق توو ئەو خوا بۆچ بەخت یارت نییە؟
|
ڕۆژ بە ڕۆژی نەحسییە موفەککەرەی ساڵی من
|