تۆ نەڵێی پاشکەوتووی، ئەی کوردەکەی ناکامیاب
|
قەت بە سووکی تێ مەفکرێ، ماڵ وێرانەی دڵ خراب
|
تاکوو من بووم، ڕۆستەمم بوو، ڕۆژی حەملە و کەشمەکەش
|
سەرکزی گورزی گرانی بوون، هەزار ئەفراسیاب
|
ئەو مقام و نەزمە من بووم، کێ لە شەئنی هەڵئەسا؟
|
هەر لە نووحۆ دەس بە دەس، تا هاتە دەورەی ئینقیلاب
|
ماجەرای کاوەم بەیان کەم، بەردی ڕەق ئەتوێتەوە
|
چی بە سەر خاکی عەجەم هێنا، لە شۆر و ئیزتیراب
|
یا، «کەریم خان»م چلۆن بوو! من نەڵێم تۆ خۆت بڵێ!
|
چۆن لە خاکی فارسەکانا، کەوتە سەر قەهر و عیتاب
|
یەزدی جوردم، یەزدی کوردانە، ئەبێ چۆن ون ببێ
|
کێ هەتاوی بۆ ئەشارێتۆ لە ژێر پەردەی نیقاب؟
|
قانعا باسێ لە حاڵی گیو و گۆدەرزم بکە
|
تا لە داخا دڵ بە جارێ نەبووەتە لوولەی کەباب
|