یا ڕەسووڵ ئەڵڵا غەریقی گێژی عسیانم مەدەد
|
بۆ فجوور و فسق بێشک مەعدەن و کانم مەدەد
|
بێ بەهانامۆ دەخیلە ڕۆژەکەی «هَلْ مِن مَّزِيد»
|
چوونکە سووختی دۆزەخە سەر تا بەدامانم مەدەد
|
چۆن نەگریەم بۆ خەجاڵەت باری و شەرمەندەگیم
|
گوڵ لە مشتی نەفسی شوم و مەکری شەیتانم مەدەد
|
گەر شەفاعەت چاری دەردی من نەکا مەعلوومە لام
|
مل بە تەوق و دەست بەستەی قەهری ڕەحمانم مەدەد
|
خۆ خوا فەرموویەتی «لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ»
|
مژدە بۆ ئەهلی شەقایە و من ڕەئیسیانم مەدەد
|
ئینتیزاری هەوری لوتفی ڕەحمەتم بۆ قەترەیێ
|
با سەگیش بم موستەحەققی لوقمەیی نانم مەدەد
|
چاوی ئۆمێدم ببێ تۆزێ لەبۆ ڕۆژی جەزا
|
ڕۆی هیواکەم وایە عبدی شاهی مەردانم مەدەد
|
ئاهـ و ناڵەت بۆ ڕیایە قانعا سوودی نییە
|
قوڕ بپێوم هەر لە ئەژنۆ تا بە سەر شانم مەدەد
|