برای هاوزمان، تۆ نازانی کێم؟
|
سا هەر کەسێ هەم گوێ ڕاگرە لێم
|
ئەرچی نامناسی تۆ برای چاک بە
|
دەرهەق بە ئافرەت تەواو دڵپاک بە
|
ئافرەت شەریکی خێزانی تۆیە
|
ئافرەت خەمخۆری میوانی تۆیە
|
هاوڕێی ژێر لێفە و هاوڕێی ناو ماڵن
|
شەریکی ماڵ و شەریک مناڵن
|
ئەر تۆ خراب بی هەر کاتێ لێی دەی
|
یاخۆ جنێوی ناحەقی پێدەی
|
ئەو هەر مەجبوورە و هەر لە پەناتە
|
بەغەیر ئەز گریان چی دەسەڵاتە؟
|
زۆر زۆر لێت زیز بێ بڕوا لە وڵات
|
لەپاش دوو سێ ڕۆژ دێتەوە بۆ لات
|
بۆ سێ ژن دێنی بۆ سەر جێگەی ئەو؟
|
ئەو بۆ شوو ناکە بە وەعدەی یەک شەو؟
|
مەعلووم پیاوێ تر بچێتە پاڵی
|
دەم ببا بۆ لای ڕوومەت و خاڵی
|
ئەو ئێش و داخە لە جەرگی تۆیە
|
بۆ جەرگی ئەویش هەروا بە سۆیە
|
کە ئەو دەنگ ناکا وازی لێ بێنە
|
لەسەر خۆڕایی دڵی مەشکێنە
|
ئەو کوڕە چاکە و ئەو کچە جوانە
|
تۆ لێت مەعلووم بێ هین هەردووتانە
|
نەخۆش بکەوی ئەو بۆی نەخۆشە
|
خوا نەخواست بڕێ ئەو بۆی پەرۆشە
|
هەر وەک خزمەتکار خزمەتکارتە
|
لە عەبد زیاتر بەردە بارتە
|
هەرچی تۆ بڵێیت ئەو هەر وا ئەکا
|
بەشوێن ئەمرتا خێرا ڕا ئەکا
|
بێبەشی مەکە لە ڕابواردن
|
با وەک یەک بژین تا ڕۆژی مردن
|