هاوبەشی خەمتم
گیانە هاوبەشی خەفەت و خەمتم | هاوبەشی زاری و پەستی و ماتەمتم |
چونکە هەناو و دڵ و هۆشی تۆ | ژیانی خۆشی یان ناخۆشی تۆ |
هەمووی هیی منە چونکە یەک لەشین | یەک دڵ و گیان و یەک پارچە و بەشین |
من و تۆ یەکین، یەک لەش و ئەندام | ڕوومان وا لە یەک ئاوات و ئەنجام |
ئەمڕۆکەش کەوا پرسەتە گیانە | بە دڵتا نەیەت یان وا مەزانە |
کە من بەختیار و شاد و دڵخۆش بم | یاخود لەو خەمەی تۆ فەرامۆش بم |
بەڵکوو وەکوو تۆ پرسە و شینمە | ئێستا ناخۆشتر کاتی ژینمە |
کە تۆ ڕەشپۆشیت منیش شینپۆشم | وێنەی تۆ خەم و سزا ئەنۆشم |
بەڵام گیانەکەم بەس نییە کە تۆ | وەک من بەند ناکەی ئێش و ئۆف و سۆ |
پیش ناخۆیتەوە و تلاوتل ناکەی | ئەتوانیت کە خۆت لە سۆ ڕەها کەی |
چونکە پرسەکەر دڵنەوات ئەکات | خەمت سووک ئەکات، دڵخۆشیت ئەدات |
بەڵام گیانەکەم منی دڵ پڕ زام | کەس پێم نازانێ و کەس نایەتە لام |
جا لەبەر ئەوە زۆر زیاتر لە تۆ | بەشی من بۆتە ئەشکەنجە ئەمڕۆ |
1960/06/08
کەرکووک
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|