هاوینە و گەرما و میوەگەنانە
هاوینە و گەرما و میوەگەنانە | نیوەی ئەم شارە شەو لە سەربانە |
تۆزی ڕەشەبا و چاویەشە و هاوار | سەربانی وێران، پڕ دووپشک و مار |
لە هەموو لایێ گریانە و قووڕە | کفر ئەکا پیاوی بێخەوی تووڕە |
شەو لە سەربانان کە دەچنە سەراو | ڕۆژ هەڵدەقرچێ بە تینی هەتاو |
ئینجا ڕەشەبا ئەو تۆزە دێنێ | وەک عەتر و عەنبەر هەڵیەپرژێنێ |
گۆزە و دیزەشمان کە پڕن لە ئاو | ئەو تۆزەی تێچوو ئەبێ بە گوڵاو |
هێجگار چەند ماڵێک لەسەر یەک سەربان | چیغێکی تەنک کەوتۆتە بەینیان |
گوێیان لە مرقە و پرخەی یەکترە | «تەگە و سابرێنی» بە ئەدەبترە |
زۆر جار ڕەشەبا «دەرپێ» ئەفڕێنێ | هی وایشیان هەیە «دەرپێی» نامێنێ |
بەم حاڵەیشەوە هێند بەرز ئەفڕین | خۆبەخۆ سەری سەران ئەبڕین |
پیاو بێ ئیش بێ شەڕ هەڵدەگیرسێنێ | بێ «دەرپێ» مەندیل لە خەو ئەبینێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 795
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|