دیدەم نەونەمام، دیدەم نەونەمام
|
دیدە ڕاستەکەم باڵا نەونەمام
|
بۆچی ناپرسی لە حاڵی خوڵام
|
هەتا قیامەت من هەر بە تەمام
|
دڵەی نازارت لە چی ڕەنجاوە؟
|
گەرمە مەیلەکەی ئەوسات نەماوە
|
کام ئەمری تۆ هات، نەمنا سەر سەرم
|
عالەم ئەزانێ کە من نۆکەرم
|
مەیلت بۆ ساردە بە قسەی بەدگۆ
|
بە قسەی ڕەقیب مەمکە ڕەنجەڕۆ
|
دیدەم، شابازم تەڕلانی تەوار
|
یارم دڵسۆزم، ڕەفێقم، خەمخوار
|
شلم، شێواوم، شۆخەکەی شەنگم
|
یاری ئاڵۆزاو مایل بە جەنگم
|
حۆرم، فریشتەم، نازی دڵ بەندم
|
مەستم، هوشیارم، زیرەک و ڕەندم
|
کوانێ ئیشارە و چاوەکەی جاران؟
|
لەنجە و وردە ڕەوت، نازک نازاران
|
کوانێ موحیبەت دۆعا و پەیامت؟
|
کوا چروە و چپە و سروەی کەلامت؟
|
قیبلەم، نازارم، ئاخر نەفەسمە
|
دەردی بێ تەبیب تەنیا و بێ کەسمە
|
ئەلویدای یاران مەرگ مێهمانە
|
قەتعی زیندەگی سەیری جیهانە
|
لاکە بە لامۆ ببینە ڕەنگم
|
ڕۆشن کە حوجرەی دەروونی تەنگم
|
بەندی ئەجەلم ئازاد کە گەردەن
|
وەمەرگت قەسەم شادم وە مردن
|
ئەمما بەو شەرتە بیتە سەرینم
|
بە چاوی پڕ ناز تێر بکەی شینم
|
خاڵان تەڕ بکەیت بە ئەشکی دوڕ بار
|
یەخەی زەڕنیگار دادڕی تا خوار
|
پاش کفن و دفنم ببی بە یارم
|
بگریتە باوەش گڵکۆی مەزارم
|
سەر بنێی بەلای خاکی گۆڕخانەم
|
با دەرچێ لە دڵ خەمی زەمانەم
|