هۆ کاکی شوان گوێم لێیە لەو بن دارە
هۆ کاکی شوان گوێم لێیە لەو بن دارە | ئەوی ئەیڵێیت نایڵێیتەوە دووبارە |
بەو ئاوازەت مێگەلەکەت سەرخۆشن | سەرمەست ئەڕۆن ئەلەوەڕێن بەجۆشن |
گۆرانییەکەت دڵداریم ئەجووڵێنێ | لەرەی دەنگت تاسەی دووریم بۆ دێنێ |
خۆزگەم بە خۆت کە لە شارستان دووری | سەربەست و دڵپاک و شاد و ڕوو سووری |
دیارە پەنجەی گەردوون لە عاستت کۆڵە | بۆ خۆت جێگات نزار و شاخ و دۆڵە |
بەڵام بۆ ئێمە پەنجەی وا درێژە | لەتاو دەردی سەری ئەو سەرمان گێژە |
جار جار سەرمان ئەباتە ژووری ئاسمان | کەچی ناکاو ئمانخاتە ناو زیندان |
بە کەیفی خۆی ئەمانگێڕێ بە عەردا | کەس ناتوانێ نەڕوا و شەقامی بەردا |
جیهانی لێ کردووین بە کۆشکی ڕەنگین | ژیانی بۆ کردووین بە شانەی هەنگوین |
هەموو لە دوویان وێڵ و سەرگەردانین | تامی تامیمان ئەدا و پێ نازانین |
منیش هەروا بۆ شوێن ئاواتی گوڵگوون | سەرمی جەنجاڵ کردووە خولیای گەردوون |
لە بەدبەختیدا کەوتوومە کۆتەڵکۆ | لە دڵ پەستیمە وا هاتوومە لای تۆ |
ئێنستاش تکام ئەمەیە برای گیانی | پشوویەک بە لە ئاهەنگی گۆرانی |
بەڵام ئینجا شمشاڵەکەت دەربێنە | فووی پیا کە ومامۆستایی خۆت بنوێنە |
دەنگی شمشاڵ وەکوو وژەی بای گوڵزار | تەفر و توونای ئەکا پەستیی دڵی زار |
دەنگی شمشاڵ مۆسیقای کوردستانە | کە گوێی لێ بگرم بۆ دەردم دەرمانە |
ئەی کاکی شوان ئێجگار دەروون زوخاڵم | چاوەڕێی دەنگێکی بەرزی شمشاڵم |
لەو ئاهەنگەی کە مەل ڕابوەستێنێ | لافاوی شادیش بۆ هەستیم هەستێنێ |
بەزمێک لێدە پەستیی ژیان و گەردوون | لەناو دڵما ببا بڕوات سەرنگوون |
کاکەی گیانی توخوا وا چاوەڕوانم | قوربانت بم زووکە منیش میوانم |
1945/2/9
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|