هەتاکەی گۆشەگیری خەڵوەت و خۆم تووشی سەودا کەم
|
لە بازاڕی عەشقدا شۆڕشی ئەمجارە بەرپا کەم
|
یەهوودی مەزهەبێکە وا منی خستۆتە بەحری غەم
|
بە هیچ جۆرێ لەناو ئەم گێژی بەحرە ڕێگە دەرناکەم
|
خەیاڵی شەوقی ڕووی نەیهێشتووە حەرفێ لە سینەمدا
|
لەمەولا سەرلەنوێ وا چاکە تەدریسی ئەلفبا کەم
|
لە دەست ئەم کافرە جێگام لە سەر ئەرزا نەما ناچار
|
وەکوو عیسا بەرەو ڕووی ئاسمانی چوارەمین ڕاکەم
|
بە کام وەعدە و وەعیدی ئەم خواگرتووە بکەم باوەڕ
|
مەگەر ئەستۆی لە پاداشا حەوالەی تیغی مەولا کەم
|
لەلای دولبەرم بێزارە لێم، لای ڕەقیب دڵشاد
|
سەرم سوڕ ماوە لەم وەزعەم، لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم
|
کە وا یارم زویر بێ تاقەتی جەریشی نەبێ ناچار
|
دڵ و دین و عەقڵ ماوە ئەویش ئەمجا بەرەڵڵا کەم
|
موحیبەت ماڵی وێران بێ بە جارێ تێکەڵی خوێن بوو
|
بە ناچاری لەگەڵ ئەم دەردە دەبێ تا سەر مودارا کەم
|
ئەگەر دەرد و غەمێ دیومە بەجارێ بیخەمە تەحریر
|
ئەبێ دیسانەوە من دەفتەرێکی تازە ئینشا کەم
|
خودایا دەستگیرم بی لە زومرەی ساڵحانت بم
|
نَعَم بێژم بە تەنهاییت خودا حاشا کە حاشا کەم
|
لەبەر قاپی کەرەمتا هەڵتروشکاوم وەکوو عورفی
|
خودایا نەمکوژی تا ڕوو لە قاپی شاهی لەولا کەم
|